ژنانی عەفرین: تا دڵۆپێک خوێنمان بمێنێت سەردانانەوێنین

ژنانی شارۆچکەی شێراوا سەر بە عەفرین، سەرەڕای بەردەوامی هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر گوندەکانیان، دووپاتیان کردەوە کە تا کۆتایی تەمەنیان لە گوندەکەدا دەمێننەوە و ڕێگە نادەن لەشکرکێشی و چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بچنە ناو گوندەکەوە و زەویەکانیان داگیربکەن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- دوای ئەوەی عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە داگیر کرا، ڕۆژانە ئەو ناوچانەی کۆچبەرانی عەفرین تێیدا دەژین، تۆپباران دەکرێن، شارۆچکەی شێراوا نیوەی بەدەست خۆبەڕێوەبەری و نیوەکەی تریش لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا دایە، ڕۆژانە گوندنشینانی شارەدێی شێراوای سەر بە کانتۆنی عەفرین ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە، بە تایبەت لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، دەوڵەتی تورک ئاگر لە دەغڵودانی هاوڵاتیان بەردەدات و لە ڕێگەی هێرشەکانییەوە زیانێکی زۆر بە خەڵک دەگەیەنێت.

 

گوندی سۆخانەک گوندێکی سەر بە شێراوایە، نزیکە لە هێڵی سنووری دەوڵەتی داگیرکراوی تورکیاوە تا ئێستا دانیشتوانەکەی گوندەکەیان بەجێنەهێشتووە و سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرش و تۆپباران دەبنەوە لەلایەن داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانییەوە، کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان ئاگری تێبەر دەبێت و خەڵکیش ناتوانن ئاگری ناوچە سنورییەکان بکوژێننەوە.

 

"٧ ساڵە هێرش دەکەنە سەرمان"

زەینەب مەمۆ باسی لە ساتەکانی خۆی لە گوندەکەدا کرد و وتی: نزیکەی ٧ ساڵە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانی بە هێلیکۆپتەر و فڕۆکە هێرش دەکەنە سەرمان، بەڵام ئێمە لە گوندەکانی خۆمان ماوینەتەوە و هەرگیز نایەینە دەرەوە، ئێمە ڕووبەڕووی هێرشەکان دەبینەوە و بڕیاری ئێمە بەرخۆدانە، لەگەڵ هاتنی وەرزی کشتوکاڵدا هێرشەکان بۆ سەر زەوی و بەرهەمەکانمان قورستر دەبن، بۆ ئەوەی ئیرادەمان لاواز بکەن، ئێمە بژێوی خۆمان بە کشتوکاڵ دەستەبەر دەکەین و ئەردۆغانیش دەیانسووتێنێت، ئێمە هەرگیز لە بەرامبەر ئەم هێرش و سیاسەتانە لاواز نابین، ئێرە گوندی ئێمەیە نەک ئەردۆغان و چەتەکانی، دەوروبەری گوندەکانیان بە تەواوی سووتاند و نەمانتوانی بیکوژێنینەوە، چونکە هێرشیان دەکردە سەرمان، هەروەها زەوی گوڵەکانی گوندەکەشیان سووتاند، بۆیە سروشتیش لە هێرشەکان بێبەری نییە، با ئەو دەوڵەت و ڕێکخراوانەی داوای مافی مرۆڤ دەکەن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، دەوڵەتی تورکیا ئێستا لە شەڕدایە لەگەڵ سروشت و یاساکاندا.

 

"دەبینین بەڵام ناتوانین ئاگرەکە بکوژێنینەوە"

سیهام مەمۆ بارودۆخی خەڵکی لە هێرشەکاندا خستەڕوو و وتی: ئێمە و دانیشتوانی سۆخانەک ڕۆژانە ژیانمان و منداڵەکانمان لە مەترسیدایە، هەر ساتێک دەژین دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەرمان، ماوەی هەفتەیەکە ئاگر لە دەوروبەری گوندەکە کراوەتەوە و ناتوانین بیکوژێنینەوە، دارەکان و ئەو زەیتونانەی کە بژێویمانی لەسەرە، سووتێنراون، ئێمە دەبینین زەوی و کێڵگەکانمان چۆن دەسوتێن، بەڵام بەداخەوە ناتوانین بیانکوژێنینەوە، ئێمە لە گوندەکەدا ڕووبەڕووی چەندین سەختی و ناخۆشی دەبینەوە، بەڵام هێشتا شوێنی خۆمان جێناهێڵین، ئەمە پەیامی ئێمەیە بۆ ئەردۆغان و چەتەکانی، ئەو سنوور لە نێوان ئێمە و گوندە دراوسێکانمان دروست دەکات، دەیەوێت لە چوارچێوەی خاکی عەفریندا دووبەرەکی دروست بکات، بەڵام ئێمە بە سنوور و دیوار دابەش نەبووین، ئێمە تا دڵۆپێک خوێن لە ڕۆحماندا بمێنێت، سەر بۆ داگیرکاری دانانەوێنین.