حاڵەتە گومانلێکراوەکانی توشبوون بە تای خوێنبەر نزیک دەبێتەوە لە هەزار کەس

لەئەنجامی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان لە سودان، ژووری فریاکەوتنی خەرتوم زیادبوونی حاڵەتە گومانلێکراوەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی ڕاگەیاند، کە گەیشتووەتە ٨٩١ حاڵەت، لەنێویاندا ٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سودان ڕووبەڕووی بارودۆخی تەندروستی سەخت بووەتەوە، کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی لە وڵاتەکەدا بەتایبەت لەو کاتە کە سیستەمی تەندروستی ناتوانێت پێداویستییەکان بۆ نەخۆشەکان دابین بکات.

 

هەر بۆیە دوێنێ، ژووری فریاکەوتنی خەرتوم، زیادبوونی ڕێژەی گومانلێکراوانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی ڕاگەیاند، کە لە هەزار کەس نزیکبووەتەوە، لە ویلایەتی خەرتوم، لە کاتێکدا دۆخی تەندروستی دانیشتووان ڕووبەڕووی سەختییەکی گەورە دەبێتەوە بەهۆی داخستنی زۆرێک لە نەخۆشخانەکانی ناوچە جێناکۆکەکان بە ڕێژەی ٪٨٠ بۆ ١٠٠ ئەمەش توانای سیستەمی تەندروستی کەمکردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان.

 

ئەندامێکی ژووری فریاکەوتن لە خەرتوم ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی گومانلێکراوەکانی تووشبوون لە ماوەی هەفتەیەکدا گەیشتووەتە ٨٩١ حاڵەت، لەنێویاندا ٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان ڕوویداوە بەتایبەت لەنێو ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و کەسانی بەساڵاچوون چونکە ئەوان ناتوانن بەرگەی نەخۆشییەکە بگرن.

 

ڕوونیشیکردەوە، ١٧٠ حاڵەتی نوێی گومانلێکراوی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، کە ١٥٥ حاڵەت لە گەڕەکەکانی شەمبات، ١٠ حاڵەت لە سافیا، سێ حاڵەت لە خەتمییە، و دوو حاڵەت لە حەلفایا تۆمارکراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی پەتاکە.

 

هاوکات ناڕەزایەتی دەربڕی لە ئاستەنگەکانی بەردەم ژووری فریاکەوتن کرد کە بریتین لە نەبوونی چارەسەر لە دەرمانخانەکان، هەروەها لە بازاڕەکاندا بە نرخێکی گرانتر بەردەستن کە بۆ دانیشتوانی خەرتوم ناگونجێت بەهۆی خراپی دۆخی ئابووریانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، تای خوێنبەر لە خەرتوم لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی پاشماوەی پزیشکی بڵاوبووەتەوە.