"هێرشی سەر ستێرک تیڤی و میدیا هابەر پلانگێڕی داگیرکارییە"
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕۆژنامەنووسان هێرشی پۆلیسی بەلجیکایان بۆ سەر تەلەفزیۆنەکانی ستێرک تیڤی و میدیا هابەریان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، "وەک ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ئەم هێرشانە بە پلانگێڕی داگیرکار دەزانین".
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، سەنتەری میترۆ و ڕاگەیاندنی ئازاد لە باشوور و فیدراسیۆنی ڕۆنووس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر هەردوو تەلەفزیۆنی "ستێرک تیڤی و میدیا هابەر"یان لە لایەن پۆلیسی بەلجیکاوە لە ڕۆژی ٢٣ی نیساندا کرد و ڕایانگەیاند، کە وەک ڕۆژنامەنووسان ئەم هێرشە بە پێشێلی مافی مرۆڤ و کاری ڕۆژنامەگەری دادەنێن، بە تایبەت لە بەلجیکا کە خۆی بە ناوەندی دیموکراسی دەزانێت.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، سەنتەری میترۆ و فیدراسیۆنی ڕۆنووس و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ڕاگەیەندراویان خوێندەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەی سەنتەری میترۆدا هاتووە، " ئەو هەڵکوتانە لە کاتێکدایە ئەم کەناڵانە دەنگی گەلێکی ستەم لێکراو دەگوازنەوە، بە تایبەتیش لە وڵاتێکی دیموکراتییدا ئەم ڕووداوە ڕوویداوە، کە لە جیهاندا وا خۆیان پیشان دەدەن شەڕی دیموکراسییەت دەکەن و پشتیوانیی لە ڕاگەیاندنی ئازاد دەکەن، بەڵام بەداخەوە مایەی سەر سووڕمان بوو لە لامان، کە چۆن لە وڵاتێکی دیموکراسییدا بەو جۆرە ئەو مامەڵەیە دەکرێت".
هەروەها فیدراسیۆنی ڕۆنووس لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، "تاوانەکە لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا ئەنجام دراوە، ئەوەش هێندەی تر بکەرانی تاوانەکە دەخاتە بەردەم لێپرسراوی ئەخلاقیی".
"هەموو هێرشەکانی سەر کوردانی ئازادیخواز هاوکاتی سەردانی ئەردۆغانە"
ڕاگەیەندراوی ڕاگەیاندنی ئازاد لە باشوور لەلایەن ئاراس ئیبراهیم، ڕۆژنامەنووس خوێنرایەوە و تیایدا هاتووە، "ئەم هێرشە بۆ سەر کەناڵی ستێرک تیڤی و میدیا هابەر خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسیە لە وڵاتی بەلجیکادا، هەروەها پێشێلکردنی یاساکانی بەلجیکایە وەک وڵاتێکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەروەها هاوکاتی ئەم هێرشە لە پۆلیسی ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ هێرشیان کردە سەر ماڵان و نۆ ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازادیان دەستگیرکرد، لە پایتەختی خوێناوی پاریسی فەرەنساشدا پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی ئەندامانی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیک و شەش کوردی ئازادییخوازیان دەستگیرکرد، هەموو ئەم هێرش و پیلان و پەلامارانەش، هاوکاتی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە هێشتا فڕۆکە تایبەتەکەی ئاسمانی هەولێری جێنەهێشتبوو، فڕۆکە جەنگییەکانی دەستیان بە بۆردوومانی چیا ئازادەکانی کوردستان و ناوچە مەدەنینشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
هەروەها لە کۆتایدا، وتیشی: ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی هێڵی ئازادیی، ئەو هێرشە هەمەلایەنەی دوژمن و سیستەمی دەوڵەتگەرایی و دژە ئازادیی بەر نەفرەت دەدەین و ئیدانە و سەرکۆنەی دەکەین، هاوکات سوورتر و شێلگیرانەتر درێژە بەم کاروانەی ڕاگەیاندنی ئازاد دەدەین، ‘ستێرک تیڤی و مەدیا هابەر’ دوو بڵندگۆی ئازادیی و حەقیقەتن، چرای کوردانن لە شەوەزەنگی ستەم و نادادیی و داگیرکارییدا، خاوەنی یەک دۆز و یەک ئامانجین و لەبەرانبەر هیچ زەبر و زەنگ و فشارێک پاشەکشێ ناکەین و خاڵی کۆتایی دانانەین.
"بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان و میدیای ئازاد بەرەو خراپتر"
سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم کۆنفڕانسە ئیدانەکردنی داگیرکاران و هێرشەکانیانە بۆ سەر باشووری کوردستان و لە ئێستادا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازادیشە لە ناوچە جیاوازەکاندا، دەڵێت: ئێمەی ڕۆژنامەنووسانی باشووری کوردستانیش هەڕەشەی ئەم جۆرە هەڵکوتانەمان لەسەرە، هەروەها ئیهانەکردن و هەڕەشە و پێدانی قسەی ناشرین، لەگەڵ خراپی بارودۆخی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان و میدیای ئازاد بەرەو خراپتر دەچێت.
لە کۆتاییدا وتیشی: ئەم هێرشانەی ٢٣ی ئەم مانگە ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە سەردانیەکەی ئەردۆغان بۆ باشووری کوردستان، ڕۆژنامەنووسان لە هەر جێگایەک بن موڵکی گەلن و دەبێت گەل بڕیاریان لەبارەوە بدات، هەروەها بانگەوازی دەکەین ڕاستی ڕووداوەکان ئاشکرا بکرێت و پاراستنی داهاتووی ڕۆژنامەنووسان بکرێت و پێویستە هەمووان پشتیوانی ستێرک تیڤی و میدیا هابەر بکەن.