هاوسەرۆکانی شارەوانی ئاکدەنیز دەرگای شارەوانییەکەیان لێکردەوە
نوریە ئارسلان و هۆشیار سەریڵدز، هاوسەرۆکانی شارەوانی ئاکدەنیز دوای دەستبەکاربوونیان وەک هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەکە، دەرگای سەرۆکایەتی شارەوانییان لابرد و ڕایانگەیاند، "ئاکدەنیز دەبێتە ناوەندی فرە کولتووری و فرە زمانی".
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/04/20240406-20240405-20240405-20240405-mrs-05-04-2024-dem-parti-mazbata5-jpeg78a0cd-image-1-jpgc833c8-image-jpgbd57cc-image-jpgb08f4e-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
نوریە ئارسلان و هۆشیار سەریڵدز، هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسینی دەم پارتی، دوای سەرکەوتنیان و وەرگرتنی ئەرکی شارەوانییەکە، دەستبەکار بوون.
هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسین، دوای ئەوەی بە فەرمی دەستبەکاربوون، ڕایانگەیاند، خەڵکی ناوچەی ئاکدەنیز وەڵامی سەرۆکی پێشووی شارەوانییان دایەوە، پێکەوە سەرکەوتووین و پێکەوە ئەرکەکان بەڕێوە دەبەین.
هەروەها ئاماژەیان بەوەدا "ئاکدەنیز دەبێتە ناوەندی فرە کولتووری و فرە زمانی، ئەم کارە پێکەوە لەگەڵ گەلەکەمان دەکەین، ئێمە بە هەڵوێستێکی تاکڕەوانە ئەرکەکان بەڕێوە نابەین".
دوای وەرگرتنی مۆڵەتی دەستبەکاربوون، هاوسەرۆکانی شارەوانی لەگەڵ جەماوەر چوونە ناو بینای شارەوانی و لەلایەن فەرمانبەرانی شارەوانییەوە بە گوڵ پێشوازییان لێکرا، وەک یەکەم ئەرکیش، هاوسەرۆکانی شارەوانی دەرگای سەرۆکایەتی شارەوانییان لابرد و پاشان لە بەردەم شارەوانی ئاهەنگی شادی بەرێوەچوو.