ژنانی زەنوبیا: لە ڕزگارکردنی باغۆزدا جوانترین داستان نووسرایەوە

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ساڵیادی ڕزگارکردنی باغۆز لە دەستی چەتەکانی داعشدا بڵاوکردەوە و وتی: یەکێک لە جوانترین داستانەکان نووسرایەوە و بەرخۆدان لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە ساڵیادی ڕزگارکردنی باغۆز لە دەستی داعش، ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، مانگی ئادار مانگی سەرکەوتنەکانە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "٢٣ی ئادار ڕۆژێکی خۆش بوو کە هیواکانمان گەشایەوە، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە بەو سوێندەی لەسەر شەهیدان خواردیان، بەڵێنی تێکشکاندنی تیرۆریزمیان دا، قەسەدە ئەم بەڵێنەی جێبەجێ کرد و لە کۆبانێ تا مەنبج و لە تەبقا تا ڕەققە و لەوێشەوە تا دێرزوور چەتەکانی داعشی تێکشکاند. لە هەمووی گرنگتر سەرکەوتنێکی گەورە لە باغۆز لە دژی داعش بەدەست هات، کە ئەگەر قوربانیدانی شەڕڤانان نەبوایە ئەم سەرکەوتنە تۆمار نەدەکرا.

 

"لەدایکبوونەوەیەکی نوێ بوو"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، نەهێشتنی داعش لە ڕووی جوگرافی و سەربازییەوە لە باغۆز بە مانای زیندووبوونەوەی ملیۆنان کەس لە ناوچەکە دێت و دەشڵێن، "گرنگی شەڕی باغۆز لەوەدایە کە دوا قۆناغی شەڕ لە دژی چەتەکانی داعش لە ڕووی جوگرافییەوە بوو، ئەم سەرکەوتنە بەبێ قوربانیدانی شەڕڤانانمان بە دی نەدەهات، کۆتایی هاتنی داعش لە باغۆز بۆ ملیۆنان کەس لە ناوچەکان و هەموو جیهان لە دایکبوونەوەیەکی نوێیە، هێزەکانمان لە بری هەمووان شەڕیان کرد و ئەرکی مرۆیی خۆیان بەجێگەیاند و تاجی سەرکەوتنیان لەسەر دانا".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە باغۆز لە ئەنجامی بەرخۆدانی مێژوویی قەسەدە و یەپەژە و هاودەنگیی گەل ئازاد کرا.