دانیشتنی دادگای هونەرمەند ئەمەل چیفتچی دواخرا

دادگاییکردنی دووەمی کەیسەکەی هونەرمەند ئەمەل چیفتچی، کە بە لێدوانی شایەتحاڵە نهێنییەکە "ئولاش" کراوەتەوە، بەهۆی کەموکوڕییەکانی دۆسیەکەوە، دواخرا بۆ ٢٨ی ئایار.

ناوەندی هەواڵ

 

دووەم دانیشتنی کەیسی هونەرمەند ئەمەل چیفتچی کە بە لێدوانی شایەتحاڵە نهێنییەکە "ئولاش" کراوەتەوە، لە ئامەد لە دادگای چوارەمی سزای قورس بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی نایاسایی" و "دروستکردن و بەڕێوەبردنی ڕێکخراوێکی نایاسایی" بەڕێوەچوو.

 

ئەمەل چیفتچی، کە ساڵی ڕابردوو ئازادکرا، لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوو، هەروەها شەرزان یەلبۆغا، پارێزەری ئەمەل چیفتچی، چاودێری دانیشتنەکەی کرد، داواکاری گشتی داوای کرد کە کەموکوڕییەکان تەواو بکرێن.

 

دوای بەرگریکردن، ئەمەل چیفتچی و پارێزەرەکانی داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێوشوێنەکانی کۆنترۆڵی دادوەری و قەدەغەی چوونە دەرەوەی وڵاتیان کرد.

 

دادگا فەرمانی قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئەمەل چیفتچی هەڵوەشاندەوە و دانیشتنەکەی بۆ ٢٨ی ئایار دواخست.