ئیسرائیل هێرشی کردە سەر پزیشکانی بێ سنوور

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور ڕایانگەیاند، کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کاروان و کلینیکەکانیان، لە ئەنجامدا پەرستارێکی خۆبەخش و ئەندامێکی خێزانی یەکێک لە خۆبەخشەکان گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی بێسنوور و خێزانەکانیان لەناو ئەو ئۆتۆمبێلانەدا هەن کە لە ١٨ی ئەم مانگەدا هێرشیان کراوەتە سەر.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر کاروانێکی ڕێکخراوەکەیان، پەرستارێکی خۆبەخش و ئەندامێکی خێزانی یەکێک لە کارمەندەکانیان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە ٢٠ی تشرینی دووەمیشدا هێرش کراوەتە سەر میوانخانە و کلینیکی ڕێکخراوەکە لە غەززە، هەروەها لە ٢٤ی تشرینی دووەمدا بارەگای ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور گواستراوەتەوە بۆ باشووری غەززە.

 

لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ پێویستە
لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە، لەناو ئەو کەسانەی کە هێرشیان کراوەتە سەر، ٣ کەس لە کارمەندەکان شایەتحاڵی ڕووداوەکە بوون، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەڵێت: ئێمە هێزەکانی ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانین لە هەردوو هێرشەکەدا، ئێمە ئیدانەی کوشتنی یەکێک لە کارمەندەکانمان و ئەندامێکی خێزانەکەیان دەکەین و داوای ڕوونکردنەوە و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەکەین.

 

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کەهۆی هێرشەکانەوە، کارمەندانی ڕێکخراوەکە لە نێوان ٢٠-٢٤ی ئەم مانگەدا لە بینای ڕێکخراوەکەیاندا گیریان خواردووە و ئۆتۆمبێلەکانیان بووەتە جێی ئامانجی ئۆتۆمبێلە سەربازییە قورسەکانی ئیسرائیل،  ئۆتۆمبێلەکانی ڕێکخراوەکە زیانیان پێگەیشتووە، لە کاتێکدا بە لۆگۆی تایبەتی پزیشکانی بێسنوور جیاکراوەتەوە.