دەوڵەتی تورک لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا سێ جار هێرشی کردە سەر مەخموور

دەوڵەتی تورک لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا سێ جار هێرشی کردووەتە سەر مەخموور ، گەنجێک شەهید بوو ٧ کەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کامپی شەهید ڕۆستەم جودی مەخموور بەردەوامە و فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک هەموو ڕۆژێک بە دەوری کامپەکەدا دەگەڕێن، دەیان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کامپەکەدا ئەنجامدران و خەڵکی مەدەنییان کردە ئامانج.

 

دەوڵەتی تورک لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا سێ جار دانیشتوانی کامپەکەی کردووەتە ئامانج، لە هێرشەکەدا گەنجێک شەهید بوو ٧ کەسی دیکە برینداربوون.

 

لە ٧ی تشرینی یەکەم، هێزەکان مزگەوتێکیان لە کامپەکە کرد بە ئامانج، لە هێرشەکەدا ژنێک و دوو منداڵ بریندار بوون، هەروەها زیانی ماددی گەورە بە ماڵەکانی دەوروبەری مزگەوتەکە گەیشتووە، لە ١٣ی تشرینی یەکەم، ماڵێک لە کامپەکە کرایە ئامانج. لە هێرشەکەدا ژنێک بریندار بوو.

 

لە ١٧ی تشرینی یەکەم، خێزانێکی دانیشتوانی کامپی مەخموور لە ڕێگادا بوون بۆ ناوچەی کۆیە- هەولێر. سێ ژن بریندار بوون و گەنجێک بە ناوی دلۆڤان ئیشلیک شەهید بوو.

 

٨ کەس لەماوە گەمارۆی پەدەکە بۆ سەر کامپی مەخموور گیانیان لەدەستدا

 لە ١٧ی تەمووزی ٢٠١٩، پەدەکە گەمارۆی سەپاند و هاتووچۆی کامپەکەی قەدەغە کرد، لە یەکەم ڕۆژی قەدەغەی هاتوچۆوە ٨ هاوڵاتی مەخموور گیانیان لەدەستداو دەیان کەسیش برینداربوون.

 

سی پی تی: ١٠ کەس شەهیدبوون

تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی بەیاننامەیەکیان لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارانی هێرشەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی دەوڵەتی تورک بڵاوکردەوە، بەپێی زانیارییەکان لە ١ی کانوونی دووەم تاوەکو ١٧ تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ١٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ١٢ کەسی دیکە بریندار بوون.