لە ساڵیادی تیرۆر کردنی ناگیهان ئاکارسەلدا ژنان تاجە گوڵینەیان لە شوێنی تیرۆر کردنەکە دانا

ساڵێک بەسەر تیرۆر کردنی ناگیهان ئاکارسەل، نووسەر و ڕۆژنامەنووسدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا بکوژ ئاشکرا نەکراوە، ژنانی ئازادیخواز و چالاکوان لە شوێنی تیرۆر کردنەوەی بە دانانی تاجەگوڵینە پەیمانی درێژەدان بە خەباتەکەیان دووپاتکردەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، ٤ی تشرینی یەکەم، ساڵێک بەسەر تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، بە دەستی میتی تورک و هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی تێدەپەڕێت، تا ئێستا بکوژ ئاشکرا نەکرا و لەسەر ئەو تیرۆرە لێپرسینەوە لەگەڵ کەس نەکراوە.

 

بۆ بەرز ڕاگرتنی ساڵیادی تیرۆر کردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی ڕێکخروای ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ناوەندی کتێبخانەی ژنۆلۆژی و  بە بەشداری ژنانی ئازادیخواز و چالاکوانان لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی و لە شوێنی تیرۆر کردنیدا، بە مەراسیمێک تاجە گوڵینە دانرا.

 

سەرەتای مەراسیمەکە بە دەقەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە مۆم داگیرسێندرا.

 

دواتر سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ناگیهان ئاکارسەل بە دەستی دوژمنان و چاوساغی خیانەتکاران شەهید کرا، ناگیهان ئاکارسەل لە باشووری کوردستان لەگەڵ ژنانی لایەنە سیاسییەکان بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی خەباتی دەکرد، لە ڕووی زهنیەوە ژنانی هۆشیار دەکردەوە بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری، خەونی ئەوە بوو ژنان مێژووی خۆیان بنووسنەوە و ببنە خاوەنی ئەرشیفی خۆیان، تیرۆرکردنی ژنانی پێشەنگ ئێمە سارد ناکاتەوە لە کار و خەبات و درێژە پێدەری خەباتی ناگیهان و شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری خاکەکەمان دەبین.


         


        

لە درێژەی مەراسیمەکەدا گوڵ لەسەر شوێنی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل دانرا.

 

"چەندین ژنی ئازادیخواز لە دوای تیرۆر کردنی شەهید ناگیهان هاتوونەتە بەرهەم"

شەیدا مەعروف، چالاکوانی بواری ژنان، لە سەرەتای قسەکانیدا سەری ڕێز و نەوازشی بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدە نارد کە ساڵێک بەر لە ئێستا لە شاری سلێمانی شەهید کرا، دەربارەی شەهیدبوونەکەی وتی: ژنانن دەبنە قوربانی سەرەکی لە هەموو کایەکانی ژیاندا، ئەگەر ژنان یەکگرتوو یەکڕیز بن هیچ بەربەست و تیرۆرێک نابێتە ڕێگر لە بەردەم تێکۆشانەکانیاندا، لەم ڕۆژەدا پێویستە ژنان ئەو هەڵوێستە دووپات بکەنەوە کە چیتر نەهێڵن دەستی دوژمن بگاتە ژنانی ئازادیخواز، بە هەڵوێستەکانیان ڕێگری بکەن لە هەوڵەکانی دوژمنان بۆ تیرۆرکردنی ژنانی ئازادیخواز.

 

هەروەها وتیشی: "شەهیدکردنی ژنێکی ئازادیخوازی وەک ناگیهان ئاکارسەل، کە تێکۆشانی دەکرد لە پێناو ئازادبوونی ژنان، بە فکری ئازادییەوە خەباتی دەکرد، نابێتە هۆکار بۆ وەستاندنی ژنان بەڵکو چەندین ژنی دیکە بەرهەم دێت"، لە کۆتایدا شەیدا مەعروف پەیامی خۆی ئاڕاستەی ژنانی چوار پارچەی کوردستان دەکات، بەوەی دەست هەڵنەگرن لەم تێکۆشانە، چونکە ئەم خەباتە خەباتێکی نەبڕاوەیە و پێویستە ژنان لە چوار پارچەوە درێژە بە ئامانجی شەهید ناگیهان بدەن.