"کۆنفرانسی بەیروت دەنگی بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانستان بوو"

بوشرا عەلی، ڕێکخەری کۆنفرانسی هەرێمی ژنان لە لوبنان پێی وایە ١٥ی ئاب، ساڵیادی جینۆسایدی سیاسی ژنانی ئەفغانستان بوو، بەهۆی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات.

تەوار پێنجوێنی

 

بەیروت- کۆنفرانسی هەرێمیی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بە دروشمی "بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، ئەزموونی بزووتنەوەکانی ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان" لە ڕۆژانی -١٩ی ئاب بە بەشداری ژنانی ١١ وڵات لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەچوو.

 

کۆنفرانسە لەسەر بنەمای بانگەوازی هەڵمەتی کۆمەڵگەی ژنانی کوردستان-کەژەکە بوو، کە لە ٣-١٥ی ئاب دەستیپێکرد و ئامانج لێی پشتیوانیکردنی ژنانی ئێزیدی و ئەفغانستان بوو.

 

بوشرا عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی ژین‌ی ژنان لە لوبنان و ئەندامی دەستەی ئامادەکاری كۆنفرانسەکە، ڕایگەیاند کە کۆنفرانسەکە لەسەر بنەمای هەڵمەتی کەژەکە بوو بۆ پشتیوانی لە ژنانی ئێزیدی و ئەفغانستان، وتی: ٣ی ئاب ساڵڕۆژی جینۆسایدی شەنگال و ١٥ی ئاب ساڵیادی جینۆسایدی ئەفغانستانە، بە هۆی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، ئەمە جینۆسایدێکی سیاسی بوو، بۆیە وەک ڕێکخراوی ژینی ژنان و ڕێکخراوی کولتووری و هونەری نەورۆز بڕیارماندا پاڵپشتی هەڵمەتەکە بکەین و بەشێک بین لەم هەڵمەتە نێودەوڵەتییەی ژنان.

 

بوشرا عەلی باسی لەوەکرد، کۆنفرانسەکە دەنگی بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانستان و شەنگال بوو، وتیشی: هەموومان دەزانین کاتێک لە ڕۆژئاوا جینۆسایدێک لە دژی ژنانی کورد ڕوویدا، لە شەنگالیش جینۆسایدێک لە دژی ژنانی ئێزیدی ڕوویدا، ژنانی ئەفغانی بێدەنگ نەبوون، لەگەڵ ژنانی کورد مانەوە و هەڵوێستی بەنرخ و پیرۆزیان خستەڕوو، ئێمە لە ئێستادا وەک پیرۆزبایی لە بەرخۆدانی ژنانی شەنگال و ئەفغانستان، ویستمان هەڵوێستمان هەبێت و ئەم کۆنفرانسە ئەنجام بدەین و لە یەک کاتدا پرسی ژنان، پرسی ژنانی عەرەب، پرسی ژنانی ئێران و ئەفغانستان، پرسی ژنانی کورد و ئەفریقا تاوتوێ بکەین.

 

بوشرا عەلی تیشکی خستەسەر بنەمای هزری و بەرخۆدان و ئەزموونەکانی ژنانی کورد، لەسەر فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: ئێمە ویستمان فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێناسە بکەین، کە سەرچاوەی ئەزموونەکانی ژنانی کوردە و وەک دیارییەک پێشکەشی بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانستان و ژنانی شەنگالی بکەین، تا بە ناساندنی ئەم فەلسەفەیە ئێمەی ژنان هەموومان بتوانین سوودی لێ ببینین و جێبەجێی بکەین بە پشتبەستن بە تایبەتمەندییەکانی هەر وڵاتێک، بە یەکڕیزی سەرکەوتن و ئازادی بەدەست بهێنین.

 

بوشرا عەلی، وەک سەرۆکی ڕێکخراوی ژین‌ی ژنان ئەندامی دەستپێشخەری "نادا"ن، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا پێکهاتووە و زیاتر لە ٢٠٠ دامەزراوە و کەسایەتی لە ٢٢ وڵاتی جیهان لەخۆدەگرێت، ڕایگەیاند، ئێمە وەک دەستپێشخەری نادا لە هەمان کاتدا لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵمەتەکەی کەژەکە بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە و ڕامانگەیاند، کە ئێمەش لەگەڵ ژنانی ئەفغانستان و شەنگالین و دەستخۆشییان لێدەکەین بۆ خۆڕاگرییان و ئامادەین هەرچی داوامان لێبکرێت، بیکەین و بەشداری بکەین لەم هەڵمەتەدا.

 

بوشرا عەلی جەختی کردەوە، بەستنی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە وەڵامێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ پشتیوانی لە ژنانی شەنگال و ئەفغانستان، هەروەها خاوەنداریکردنە لە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان کە تێزەکانی تایبەتن بە ژنان و پێداگیرمان بۆ پشتیوانی لە ڕێبەر ئاپۆ دووبارە کردەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا بوشرا عەلی جەختی لەوە کردەوە: ئێمەی ژنان، چ لە ڕۆژئاوا، باکوور، باشوور، شەنگال، ئەفغانستان، یان ڕۆژهەڵات، پشتیوانی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و لەسەر ئەو بنەمایە هێز وەردەگرین و ڕێکخستن دەکەین.