سوپای پاسداران ئاگر بەردەداتە سێ شوێنی دارستانەکانی سەردەشت

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەکی بە ئەنقەست لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران، زیاتر لە ٢٠ هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە سێ شوێنی نزیک شاری نێلاس، دارستانەکانی "کەوەنە" و نزیک گوندی سیسەر لە شاری سەردەشت سووتا.

ڕۆژین قادری

 

سەردەشت- هەینی، ٣٠ی حوزەیران بە هەوڵی هاوڵاتیان و چالاکوانانی ژینگەپارێز ئاگری بە ئەنقەستی دارستانەکانی سەردەشت کۆنترۆڵکرا، کە چەند ڕۆژێک بوو لەلایەن سوپای پاسداران لە سێ شوێنی نزیک "شاری نێلاس، دارستانەکانی کەوەنە گوندی نێلاس" کرابووەوە و زیاتر لە ٢٠ هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتان.

 

ئاگری یەکەم بەردرابووە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی پشت شاری نێلاس، ئاگرەکە لە ناوچەی نێوان شاری نێلاس و گوندەکانی "هەلوی" و "کاژە" دەستی پێکردووە و زیاتر لە ٢٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگە و زەوی کشتوکاڵی و باخەکانی ترێ سووتان، ئاگرەکە بەبێ هیچ ئاسانکارییەک و ئامادەبوونی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و دامودەزگاکانی دیکە، تەنیا بە هەوڵی چالاکانی مەدەنی و هاوڵاتیانی شاری سەردەشت کۆنترۆڵ کرا، بەڵام بەهۆی زۆری ڕووەک و گژوگیاوە زیانێکی زۆر بەر دارستانی ناوچەکە کەوتووە و زیانی ماددیش بەر زەوی و باخچەی کشتوکاڵی هاوڵاتیان کەوت.

 

ئاگری دووەم لە ناوچەی دەرچوونی دووەمی شاری سەردەشت و پشت گوندی "شیواشان" کرایەوە، ئەم ئاگرە چەند هێکتارێک لە دارستانەکانی لەناوبرد کە بە داری بەڕوو داپۆشرابوون، ئگرەکەش بە هاوکاری هاوڵاتیان و چالاکانی ژینگەپارێز کوژێنرایەوە.

 

هەروەها ئاگری سێیەمیش لە نزیک گوندی سیسەر ڕوویدا و لەم ئاگرەدا نزیکەی ٢ هێکتار دارستان و لەوەڕگەی ناوچەکە سووتاون.

 

 

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕی ئەمساڵەوە، ڕووەکی دارستان و لەوەڕگەکانی سەردەشت بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش وەک مەترسییەکی جددی بۆ ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەی هاوین دادەنرێت، وەک چۆن ساڵانە سەدان ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس ڕوودەدات و زۆربەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە مەبەستن و بە بیانووی ئاسایش و لەناوبردنی ڕووەک و ڕووپۆشی دارستانەکان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران دەکرێنەوە، چالاکوانانی مەدەنی و گوندنشینانیش بەو توانا سنووردارەی کە هەیانە، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و ڕێگریکردن لە زیانی زیاتر دەدەن.

 

شاری سەردەشت دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنیشت شارەکانی پیرانشار، مهاباد، بۆکان و بانەیە، ئەم ناوچەیە بە داری بەڕوو دەوڵەمەندە و لە زیاتر لە ٩٠ هەزار هێکتار دارستان پێکدێت، لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاو لەو دارستانانە بە هۆی کردەوەی قازانجخوازان و کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و مانۆڕی سەربازی وێران بوون.