مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان: ٥٨٢ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان لە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ خراپتر بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

٢١ی حوزەیران، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێک راوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیانی ئێرانی لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران ئامادە کرد و خستیە بەردەستی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

ڕاپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، کە بووە هۆی سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران و گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەرانی لێکەوتەوە، هەروەها باس لەوە کرا، دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران، چالاکوانان، بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و پارێزەران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد.

 

نەدا ئەلنەشیف، جێگری کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دەستگیرکردنە بەربڵاوەکان لە سەرەتای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانەوە، ڕایگەیاند کە لە ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ تا ٨ی شوباتی ئەمساڵ زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس دەستگیرکراون لە ئێران، مەزەندە دەکرێت، بە هەزارانیان منداڵ بن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە کوژرانی ٤٤ منداڵ کراوە کە ١٠ منداڵیان کچ بوون، زۆرترین ژمارەی منداڵانی کوژراویش لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بووە کە لانیکەم ١٠ منداڵ کوژراون، تیشک خراوەتە سەر ئەشکەنجە و توندوتیژی سێکسی و جێندەریی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر دەستبەسەرکراوان و بەتایبەت منداڵان، نیگەرانیش سەبارەت بە دۆخی زیندانەکانی ئێران، لەوانە بێبەشکردنی چاودێری پزیشکی، بارودۆخی نالەباری تەندروستی، پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و قەرەباڵغی دەربڕدراوە.

 

ئەم ڕاپۆرتە هەروەها ئاماژە بە تێکچوونی ئازادیی قسەکردن و بیروڕا و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی ئیسلامی بەرامبەر بە ناڕازییانی حیجابی ناچاری، ژەهراوی کردنی هەزاران خوێندکاری کچ لە قوتابخانەکانی ئێران و بێکاریگەری دەکات کە ڕژێمی ئیسلامی پەیڕەوی دەکات.

 

ئەم ڕێکخراوە وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە زیادبوونی بەرچاوی سێدارە لە ئێران، ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٨٢ کەس لە نێویاندا ٣ منداڵ لە ئێران لە سێدارە دراون، کە ٢٥٦ کەسیان پەیوەندییان بە تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبووە و هەروەها ڕایگەیاند کە ژمارەی سێدارەدانی نەتەوەیی بە شێوەیەکی ناڕێژەیی بەرزن.