بەردەوامی ڕاپەڕین جەخت لەسەر ڕووخانی سیستمی تۆتالیتار دەکاتەوە

ڕاپەڕینی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران هاوکات لەگەڵ مانگرتنی کرێکاران، خوێندکاران و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەردەوامە و شەوان بە گوڕتر دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان ماوەی نزیکەی سێ مانگە بەردەوامە و شەوی ڕابردوو ئازادیخوازان لە شارە جیاجیاکان بە شێوەی جیاواز درێژەیان بە ڕاپەڕیندا، جەختیان لەسەر ڕووخاندنی سیستەمی تۆتالیتاری و تیۆکراسی کۆماری ئیسلامی کردەوە.

 

سەرەڕای دۆخی ئەمنی دژوار لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی و پاسەوانی تایبەت، گەڕانی ماڵ بە ماڵ، هەڕەشەی بەردەوام و دەستبەسەرکردنی گەنجان و چالاکوانان، شەوی ڕابردوو لە شارەکانی سنە، مهاباد، قروه، بۆکان، بانە، کامیاران، دێهگولان، جوانڕۆ، کرماشان، ئیلام و چەند شاری دیکە خۆپیشاندەران بە نووسینی دروشم، ئاگرکردنەوە، ڕێپێوان لە شەقام، هەڵپەرکێی کوردی و سوتاندنی هێما و ناوەندە حکومییەکان، درێژەیان بە ڕاپەڕینەکەیان دا و ئامانجیان ئازادی و یەکسانی و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە.

 

هەروەها لە سیستان و بەلوچستان، بەندەر عەباس، مەشهەد، قوم، ئیسفەهان، تاران، زەنجان، کرمان، ڕەشت، خوزستان، ئەهواز، کەهکیلویە و بۆیەر ئەحمەد، شیراز و هتد، خۆپیشاندەران ڕژانە شەقامەکان و ئاگریان داگیرساند، بەربەستیان دانا.

 

لە زۆربەی شارەکاندا هێزە سەربازی و سەرکوتکەرەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و تا ئێستاش هیچ زانیارییەکی دروست لەبارەی ژمارەی بریندار و کوژراوەکانەوە لەبەردەستدا نییە.