جیهانی بچووک، خەونی گەورە

جیهانی بچووکی خەونە گەورەکان لە ئاژاوەی ئێوارەی منداڵان لە مەزەندەی کاتدا لەدایک دەبێت، ئاژاوەیەک کە بەقەد فڕینی وشەکان لە وێنەی پاک و خەیاڵیدا فراوانە.

سۆنیا مورادی

 

سنە - خۆشەویستی تاکە وزەیە کە مرۆڤ ناچار دەکات بجوڵێت، جوڵەیەکی بەرەوپێشەوە بەبێ ئەوەی بیر لە داهاتوو بکاتەوە، بەبێ گوێدانە سەرکەوتن و شکست، هەر ئەم وزەیە کە مرۆڤێکی زۆر دەکاتە هونەرمەند و مامۆستای بەتوانا تەنانەت بەبێ مەشق و ڕاهێنانیش. ئەو شکستانەی کە دەبنە هۆی سەرکەوتن شیرین دەکات، ئەو هونەرمەندانەی کە بوێری ئەوەیان هەیە لە جاران بەهێزتر بکەونە خوارەوە و بگەڕێنەوە دواوە.

 

بەهارەک زارعی هونەرمەندێکی بەهرەمەندە کە بە هەوڵی بێوچانی خۆی بووەتە خوڵقێنەری تابلۆکان و ژیان بە چیرۆکی منداڵان دەبەخشن.

 

بەهارەک زارعی لە سنەوە دەژی و دەڵێت: من زۆر حەزم لە وێناکردنی چیرۆکی منداڵانە، هەروەها یاریکردن بە ڕەنگەکان، چونکە پێموایە ژیان لە ڕەنگ دروستکراوە. ئەو بەرهەمانەی کە دەیبینن بیرکردنەوەکانی منن لە ڕەنگ و وێنە و هەستی منداڵانە و دونیای منیش لەمانەدا کورت دەکرێتەوە، واتە ئەگەر بەرهەمەکانم ببینن، پێموایە ئەوە ڕوونکردنەوەیەک بۆ ژیانی منە تا ئێستا.

 

دەشڵێت: لەوەتەی قەڵەمێکم هەڵگرتووە، دامنەناوە و هەمیشە خەریکی نیگارکێشان بووم. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی پیشەیی کارم لەسەر کردووە و دەتوانن ئەنجامی ئەو هەوڵانە لەم پێشانگایەدا ببینن. من هیچ خولێکم بۆ فێرکردنی نیگارکێشی نەخوێندووە و هەموو شتێک خۆ فێرکردن و دەروونی بووە و تەنها ئەو ڕاهێنانانەی کە لە منداڵییەوە ئەنجامم داوە یارمەتیمی داوە. پێشتر پێشانگایەکم لە شیراز هەبوو و پێشانگاکەم پەیوەندی بە ئۆریگامی (هونەری پەت و کاغەز) هەبووە، بۆ داهاتوو پلانم هەیە پێشانگای پۆرترێت و پەیکەرسازیم هەبێت کە پەیکەرەکان لە پاپیر-ماشێ دروست بکرێن.

 

بەهارەک وتی: من باوەڕم وایە لێکۆڵینەوە لە بەرهەمەکانی یەکتر یارمەتیدەرە بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمی باشتر. ئەم پێشانگایە لە ١٤ تا ١٩ی ئەیلوول کراوەیە و لە کاتژمێر ٤:٣٠ بۆ ٧ی ئێواران لەخزمەتی بینەر و ئارەزومەنداندام.

 

سەبارەت بە سەختی کار دەڵێت: بە هۆی ئەو کاتە زۆرەی دەوامەوە کە لە کاتژمێر ٩ی بەیانییەوە تا ٧ی ئێواران و هەندێکجار تا ٩ی شەو دەخایەنێت، کاتێکی زۆرم نەبوو. بەڵام بچوکترین کاتە بەتاڵەکانم بەکارهێنا کە دەمتوانی بیدۆزمەوە و هەوڵمدا وێنەیەکی مێشکی خۆم بکێشمەوە، کە ئەنجامەکەی ئەو وێنانەن لێرەدا دەیبینن.