لە سلێمانی پاڵەوانێتی جومناستیکی کچان بەڕێوەچوو

پاڵەوانیەتی جومناستیکی کچان بۆ یانەکانی عێراق، بە بەشداری چەندین یاریزانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەری ئیداری جومناستیکی سلێمانیش دەڵێت: بەشداریکردن و براوەکان زیاتر لە شاری سلێمانین.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە فێرگەی جومناستیک لە شاری سلێمانی، پاڵەوانێتی جومناستیکی کچان بۆ یانەکانی عێراق لە ئاستی پێشکەوتووان، بە بەشداری چەندین فێرگەی جومناستیکی لە سەرانسەری عێراق و بەشداریکردنی کچان لە ئاستە جیاوازەکانی تەمەندا، بە سەرپەرشتی جومناستیکی عێراق بەڕێوەچوو.

 

لە پاڵەوانێتییەکەدا لەلایەن لیژنەیەکەوە ئاستی یاریزانان و پلەی یەکەمەکان بۆ پاڵەوانی جومناستیک لەسەر ئاستی عێراق دیاری دەکرا.

 

"بەشداریکردنی کچان بۆ یاری جومناستیکی لە شاری سلێمانی ئاستی یەکەمی هەیە"

کەوسەر ئەبوبەکر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئیداری جومناستیکی سلێمانی، باس لەوە دەکات پاڵەوانێتی کچان لەسەر ئاستی عێراق ساڵانە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت و کچانی سلێمانی زیاتر بەشداری یاری جومناستیکی کچان دەکەن، زۆرێک لە یاریزانە ئاست باشەکان لە شاری سلێمانی بەشدارییان کردووە، یەکەمەکانی سەر ئاستی عێراقیش زیاتر یاریزانانی شاری سلێمانین، وتیشی: بەشێک لە یاریزانەکانمان لەمساڵدا لە ئاستی یانەکانی عێراق هەڵبژێردراون.

 

لە کۆتاییشدا، وتی: لە ئاستێکی باشدا یاریزانەکانمان یاری دەکەن، لەلایەن ڕاهێنەرانەوە بە باشترین شێوازەکان ڕاهێنانیان پێ ئەنجام دەدرێت، لە شاری سلێمانیدا ڕێژەی بەشداریکردنی کچان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاترە لە شارەکانی دیکە، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ یاریزانان دەخوازین، بەردەوام لەگەڵیاندا درێژە بە تواناکانیان دەدەین.

 

"بەشداریکردنم بە ئامانجی بەرەوپێشچوونی کچان بووە لە یارییە جومناستیکیەکاندا"

هێڤیدار بەختیار، بەشداربووی پاڵەوانێتی جومناستیکی عێراق، ماوەی سێ ساڵە بەشداری یارییەکان و پاڵەوانێتییەکانی عێراق دەکات، لە شەش یاریدا پاڵەوانێتی بەدەستهێناوە، دەڵێت: بەشداری کردن لە یاریەکانی جومناستیکیدا پێویستە بۆ تەندروستی گشتیمان، لە ڕێگەی یارییەکانەوە هانی کچان و ژنان دەدەین بەشداری لەم جۆرە یاریانەدا بکەن، بە هاوکاری مامۆستاکانم بەشداری کردنم لەمڕۆدا دەبێتە بەدەست هێنانی حەوتەم پاڵەوانێتی یارییە جومناستیکیەکانم.

 

لە کۆتاییدا وتی: ئامانجم لە بەشداریکردنی یارییەکان بەدەستهێنانی ئاستی یەکەمەکان دەبێت، دەمەوێت ببمە مامۆستایەک هەتا کچانی جومناستیک لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر ببێت، بەردەوام لە هەوڵی بەرەوپێشبردنی یارییەکاندا دەبم تا خوێندکارانێک هەبن پەرە بە یارییەکان بدەن.

 

لە کۆتاییدا بە دیاریکردنی یەکەمەکان و پێدانی مەدالیا و ڕێزلێنان کۆتایی بە یارییەکە هێندرا.