"رێگە نادەین خەباتی ژنان بۆ مەبەستی سیاسی و ئابووری بقۆزرێتەوە"

لە بەرامبەر قۆستنەوەی خەباتی ژنان، هاوپەیمانی سەربەخۆی بزووتنەوەکانی ناڕەزایەتی ژنانی ئەفغانستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، ئەم هاوپەیمانییە ڕێگە بە هەلپەرستان نادات ناوی ژنانی چالاکوان بۆ مەبەستی سیاسی و ئابووری خۆیان بەکاربهێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٧ی نیسان، هاوپەیمانی سەربەخۆی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ژنانی ئەفغانستان دوای دەستپێکردنی هەڵمەتێکی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی "جیاکاری ڕەگەزی" لە ئەفغانستان، ئێران و پاکستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمەی ژنانی ئەفغانستان دژی فیشەک و ستەمکاری دەوەستینەوە و کاردەکەین بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی تاڵیبان، هەروەها ئەو ژنە ئێرانیانەی کە لەناو زیندانەکاندا زیندانی دەکرێن و لەسێدارە دەدرێن و ئەشکەنجە دەدرێن، هاوشانی ژنانی پاکستانی کە نەریتی جیاکاری ڕژێمە پاوانخوازەکانیان بەسەردا دەسەپێنرێت و ڕێگە بە دەنگ بەرز کردنەوەیان ناکرێت، خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە لەدەستچووەکانی ئەفغانستان و ئێران و پاکستان دەکەین".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، هیچ تاکێک یان کەسێکی هەلپەرست بۆی نییە ناوی چالاکوانانی ژن بە قازانجی سیاسەتی بەشەکی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە کەسی یان کۆمەڵایەتییەکانیان بەکاربهێنێت، ئێمە وەک ژنانی ئەفغانستان، هەڵمەتێکمان بە ناونیشانی “هەڵمەتی جیهانی دژی جیاکاری ڕەگەزی" دەستپێکرد و بەردەوانی پێدەدەین".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هاوپەیمانی سەربەخۆی بزووتنەوەکانی ناڕەزایەتی ژنانی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە، هەڵمەتی جیهانی دژی "جیاکاری ڕەگەزی" بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی "دادپەروەری، یەکسانی، بەرەبەیانی ئازادی و کۆتایی هاتنی جیاکاری ڕەگەزی" لەناو خەڵکی ئەفغانستاندا بەدی دێت.