"ئیرادەی گەل بە هێرش شکست ناهێنێت"

مزگین خەلیل، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکار لە ناوچەی فورات، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند کە هێرشەکە بۆ سەر دەستکەوتەکانی گەلە و وتی: ناتوانن بە هێرش ئیرادەی گەل تێکبشکێنن.

بەیدا عوسمان

 

کۆبانێ- دەوڵەتی تورکیا لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٤٧ کەس گیانیان لەدەستدا کە ٢ منداڵیان تیادایە و گەلی زۆریش بریندار بوون، لە هەمان کاتدا ئەو سەرچاوانەی کە گەل بەکاری دەهێنن، لە هێرشەکاندا دەکرێنە ئامانج.

 

مزگین خەلیل، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکار لە هرێمی فورات، باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و ڕایگەیاند، ئامانجی هێرشەکە بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلە، بەڵام ناتوانن ئیرادەی گەل بەم هێرشانە تێکبشکێنن.

 

"ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج"

مزگین خەلیل ڕایگەیاند لەبەردەم چاوی هەموواندا دەوڵەتی تورک جارێکی دیکە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا یەکەمجار نییە، کاتێک داعش بە دەستی گەلی کورد لەناوبرا، وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورکیا لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند، ژێرخانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج، دوای شەڕی تیرۆریستی دژ بە داعش کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پاڵپشتی دەکرا، داعش بە خەباتی خەڵکی ناوچەکە شکستی هێنا، سیستەمی خۆبەڕێوەبەری لەسەر بنەمای دیموکراسی بنیات نرابوو، ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوو، دوای شکستی داعشیش دەوڵەتی تورکیا ڕووی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا کرد و ویستی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری لەناو ببات.

 

"لە ساڵیادی داگیرکاریدا، هێرشەکان بەردەوامن"

مزگین خەلیل سەرنجی بۆ سەر داگیرکردنی سەرێکانی و گرێسپی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا ڕاکێشا و وتی: وەک چۆن لە مانگی تشرینی یەکەمدا هێرشیان کردە سەر گرێسپی و سەرێکانی و داگیریان کرد، لە هەمان مێژوودا جارێکی دیکە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ناوچەکە و بە هەموو شێوەکانیەوە دەکرێنە ئامانج، وەک کارگە و نەوت و نەخۆشخانەکانی گەل، ٥ ملیۆن کەس لێرە دەژین، لەبەرچاوی هەموو جیهان گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاوارە دەبن، کاتێک دەوڵەتی تورکیا تووشی کێشە دەبێت، هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە.

 

"دەوڵەتی تورکیا بەم هێرشانە ناتوانێت ئیرادەی گەل بشکێنێت"

مزگین خەلیل تیشکی خستە سەر ئامانجی دەوڵەتی تورکیا و وتی: ئامانجی هێرشەکان ڕوونە، هەوڵی تێکدانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەرییە، چونکە ئەم سیستەمە بەربڵاو بووە، تەنانەت ئەمڕۆش باسی ئەم سیستەمە دەکرێت لە ناڕەزایەتییەکانی سویدادا، بۆیە ئەم سیستمە خۆبەڕێوەبەرییە وەک کونێک لە دڵی ئەردۆغاندا دەمێنێتەوە، هەمیشە دەیەوێت کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام خۆبەڕێوەبەرییەک کە تەمەنی ١٢ ساڵە و بە سەختی و لە هیچ و بە پێداویستی سنووردارەوە خۆی بنیاد ناوە، چۆن دەڕووخێت؟ بە ١١ هەزار شەهید و ٢٤ هەزار برینداری جەنگ کە گیانی خۆیان بەخت کرد بۆ ئەم شۆڕشە، دەوڵەتی تورکیا چۆن بە هێرشەکانی ئیرادەی گەل دەشکێنێت.

 

"لە لوتکەی هێرشەکاندا، بەرخۆدان و خەباتی گەل زیاتر دەبێت"

مزگین خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەڵوێستی گەل لەم هێرشانەی ئەم دواییە ڕوون بوو کە بە هۆی هێرشەکان و بە ئامانجگرتنی شوێنە گرینگەکان کۆچکردن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووی نەدا، بە پێچەوانەوە گەل بەرخۆدانیان زیاتر کرد و خەبات و تێکۆشان بەردەوامە، ئەوە مەیدانەکە، لە ڕێگەی ئەو ڕێپێوان و بەیاننامە و هەڵوێستانەی کە بەرز دەکرێنەوە، ڕوون و ئاشکرایە کە گەل بەردەوام دەبێت لە بەرخۆدان و سەردەکەوێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئەم جۆرە هێرشانە ناتوانێت ئێمە و ئاستی خەباتمان لاواز بکات.