سیمینارێک بە ناونیشانی "ژنان چۆن لە کێشە کۆمەڵایەتیەکان خۆیان بپارێزن" پیشکەشکرا

لە دریژەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان سیمینارێک بە دروشمی "ئازادی ژنان ژینگە و ژیانە " پێشکەشکرا.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نوسینگەی پارتی سەوزی کوردستان لە شاری سلێمانی سیمینارێک بە ناونیشانی "ژنان چۆن لە کێشە کۆمەڵایەتیەکان خۆیان بپارێزن" لەلایەن تیشکۆ کەریم چالاکوانی ژنان پێشکەش کرا.

 

لە سیمینارەکەدا تیشکۆ کەریم ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە لەناو ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانین، بەڵام توندوتیژیەکان زیاتر دەبن، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەرکەکان لەسەر ژنان زیاتر دەبێت، بەڵام پێدانی مافەکانیان کەمتر دەبێت و هەمیشە ژن بە کەم سەیر دەکەن.

 

"یاسا داکۆکی لە ژنان ناکات کاتێک توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت"

تیشکۆ کەریم لە درێژەی سیمینارەکەدا وتیشی: یەکێک لەو هۆکارانەی کە وادەکات ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە خێزانەکانن، چونکە یەکەم پەروەردە لە خێزانەوە دەبێت، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خێزانەکان هەمیشە دەڵین تۆ ژنی نابێت قسە بکەیت، بەڵکو پیاو دەبیت قسە بکات، ئەمەش وا دەکات پیاوان زاڵتر بن.

 

هەروەها تیشکی خستەسەر کاریگەری قوتابخانەکان کە هۆکارێکن بۆ دروستبوونی کێشە بۆ ژنان، "تا ئێستا یاسایەکمان نییە کە داکۆکی بکات لە مافەکانی ژنان کاتێک توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ئەمەش وادەکات کە ژنان بێدەنگ بن بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە بە خراپە بەرامبەر بە ژنان بەکاردەهێنرێت، بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیەک هۆشیاری بڵاو بکرێتەوە لە کۆمەڵگە و لەناو ژناندا".