لە ئیسرائیل ژنانی سەرباز ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە

ڕاپۆرتێکی نوێ کە لە ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایدەکات لە هەر چوار ژنێک لە ئیسڕائیل کە سەربازی دەکەن، یەکێکیان توندوتیژی سێکسی بەرامبەر کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئیسڕائیل ڕاپۆرتێک دەربارەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ئەو ژنانەی سەربازی دەکەن، بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە زۆرینەی ژنان کە ڕوویان لە سەربازی کردووە، ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە.

 

بەپێی راپۆرتەکە، کە لە ڕۆژنامەی یەدیۆث ئەهرۆنۆثی ئیسرائیلدا بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لە هەر چوار ژنانی ئیسرائیلی کە لە سوپادا خزمەتیان کردووە، توندوتیژی سێکسییان بەرامبەر کراوە،  ئەمەش بەو واتایە دێت کە ٢٥٪ی ئەو ژنانەی لەو وڵاتەدا کە لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە بە ناچاری دەست دەکەن بە سەربازی زۆرەملێ، توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "٢٢٪ی ئەو ژنانەی کە لە ئاسایشدا کار دەکەن، ٢٧٪ی ئەو ژنانەی لە پاسەوانی سنوور کار دەکەن و ٣٨٪ی ئەو ژنانەی لە دەزگاکانی جێبەجێکردندا کار دەکەن، لە کاتی خزمەتی سەربازیدا ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە"، ئاماژە بەوەشکراوە کە  ٧٠٪ی سکاڵاکانی ژنان نەبیستراوە و تۆمار نەکراون.

 

ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک لە ژنان شیمۆن پێرێس، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیلیان تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی لە دژیان، دیبلۆماتکاری پایەبەرز و ئەندامی پێشووی پارتی کرێکاران کۆلێت ئاڤیتاڵ وتبووی کە شیمۆن پێرێس دوو جار بە دەستدرێژی سێکسی بێزاری کردووە، لە دوای لێدوانەکەی کۆلێت ئاڤیتاڵ، ژنانی دیکە سکاڵایان کرد کە شیمۆن پێرێس بێزاری کردوون و دەستدرێژی کردووەتە سەریان.