"گۆڕانکاری لە بەرنامەی پەروەردەیی مەترسییە"

سەمیرە حاجی عەلی، هاوسەرۆکی لیژنەی پەروەردە و فێرکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەرنجی بۆ ئەو گۆڕانکاریانە ڕاکێشا کە لەلایەن هەتەشەوە لە بەرنامەی پەروەردەدا کراوە و وتی: گۆڕانکاری لە بەرنامەی پەروەردەدا هەڕەشەیە بۆ سەر نەوەکانی داهاتوو.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس،  چەتەکانی هەتەشە دوای مانگێک بەرنامەی پەروەردەی ڕژێمی سووریایان گۆڕی، بەم گۆڕانکارییە ناوی زەنوبیا و خەولە لە پەرتوکەکان لابرا.  داگیرکاری عوسمانی ناوەکەی گۆڕدرا بە کرانەوەی عوسمانی، لەبری برایەتی مرۆڤ، باوەڕی ئیسلامی سوننە تەنها وەک برایەتی قبوڵ دەکرێت، ئایینی مەسیحی و جولەکە لە لیستی ئایینەکاندا دەردەچن و ئیسلام تاکە ئایینە کە بە بنەڕەت دادەنرێت، هەروەها وێنەی خوداوەندی ئەفسانەیی مەردوک و ئەوانی دیکە لە کتێبەکاندا لادەبرێن، بەرنامەی ڕاهێنان کە لەلایەن گروپی جیهادی چەتەکانی تەحریر شامەوە دامەزراوە، ڕووبەڕووی کاردانەوەی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەبێتەوە.

 

سەمیرە حاجی عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فیرکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەڵسەنگاندنێکی بۆ دەزگاکەمان سەبارەت بەو پرسە کرد.

 

 'کاریگەری لەسەر نەوە نوێیەکان دەبێت'

 سەمیرە حاجی عەلی ڕەخنەی لەو گۆڕانکاریانە گرت کە لە بەرنامەکانی خوێندندا ڕاگەیەندراوە و وتی: ئەمە کاتی گۆڕینی کەرەستەی پەروەردەیی و فێرکاری نییە، چونکە ئەمە ئیدارەیەکی کاتییە، تەنیا دەتوانێت چالاکییەکانی ئێستا ئەنجام بدات، نەک گۆڕینی پەروەردە و شێوازی وانەوتنەوە، شارەزایی پێویستە بۆ دەستکاریکردنی کەرەستەی پەروەردەیی، ئەرکێکە کە کاتێک دەتوانرێت ئەنجام بدرێت ئەگەر ئیدارەیەکی هەمیشەیی دامەزرا و دواتر لیژنەی پسپۆڕ پێکبهێندرێت بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بواری پەروەردەدا، چونکە ئەم گۆڕانکارییە داهاتووی نەوەی نوێ لە قاڵب دەدات.

 

 'گۆڕانکاری هەموو پێکهاتەکان ناگرێتەوە'

 سەمیرە حاجی عەلی ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگەی سووریا کۆمەڵگەیەکی زۆر ڕەنگاوڕەنگە، بەڵام بەرنامەی پەروەردەیی هەموو پێکهاتەکانی لەخۆناگرێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو ڕەنگ و نەتەوە و ئایینانەی لە چوارچێوەی سووریادا دەژین دەبێت لە بەرنامەدا پێناسە بکرێن، هەمەجۆریی کولتووری و ئایینی و زمانەوانی  ڕەنگ بداتەوە و مافەکانیان پارێزراو بێت،  بۆیە پێویستە دەستکاریکردنی بەرنامەکان لە لایەن پسپۆڕانی بواری ڕۆشنبیری و وێژە و زمانناسانەوە ئەنجام بدرێت، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەموو پێکهاتەکان لە ژێر سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا دەژین و پەروەردە وەردەگرن کە زمان و کولتوور و مێژووی خۆیان هەیە، لەبەر ئەم هۆکارەش ناڕەزایی هەبووە لەو گۆڕانکاریانەی لە بەرنامەکاندا ئەنجامدراون لەلایەن ئیدارەی کاتیەوە.

 

 'ئەوە زایەندپەرستی و خۆپەرستی ئایینییە'

 سەمیرە حاجی عەلی ڕایگەیاند، لابردنی ناوی زەنوبیا، دەرخەری عەقڵی زایەندپەرستی و ئایینییە و وتیشی: کاتێک ناوی زەنوبیا لابرا، مێژوویەکی زیندوو، خەباتێک کە هەزاران ساڵ دەخایەنێت، لادەبرێت،  کاتێک داگیرکاری عوسمانی وەک کرانەوەی عوسمانی پێشکەش دەکرێت، مێژوو دەشێوێت، ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەو جینۆسایدە ئاشکرا دەکات کە دژی گەلی سووریا ئەنجامی دەدات،  بۆ ئەوەی مێژوو ڕاست و دروست بێت و هەموو پێکهاتەکان و ئایینەکان و بیروباوەڕەکان لە سووریا بژین، نابێت هیچ گۆڕانکارییەک بکرێت و ئەمە کاتی گۆڕینی بەرنامە یان بابەتی پەروەردەیی نییە، کاتێک ئیدارەیەکی هەمیشەیی هەبێت و دەستورێکی سووریا بە ئامادەبوونی هەموو گەلان و پاراستنی زمان و کولتوور و مێژووەکەیان بنووسرێت، ئەوا دەتوانرێت بە دیدێکی هاوبەشەوە بەرنامە دەربهێنرێت، بواری پەروەردە بوارێکی گرنگ و زانستییە، مێژووی خوداوەندە ژنەکان لەم بوارەدا بە تایبەتی گرنگە، بۆ ئەوەی نەوەی ئازاد و دیموکراسی و ڕەوشتی دروست بکرێت، پێویستە ڕاستی و دانپێدانانی مێژووی ژنان وەک بنەمایەک وەربگیرێت.

 

'لایەنگری ئایینی قبوڵ ناکرێت'

 سەمیرە حاجی عەلی سەرنجی بۆ ڕاپەڕینی گەلی سووریا لەدژی سیستمی تاکلایەنە ڕاکێشا کە لەئەنجامی ١٤ ساڵ خەبات و بەرخۆداندا ڕژێمی ئەسەدی ڕووخاند و وتی: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا،  هەموو خوێندکارێک ١٤ ساڵە لە ژێر سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا پەروەردە کراوە بە زمانی دایکی و کولتوور و مێژووی خۆی، ئەمە نموونەیەکە بۆ سووریا بە گشتی و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییش نموونەی چارەسەرە، دەتوانن نموونەیەک لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی وەربگرن و لەسەر بنەمای ئەو کارە بکەن، سووریای مۆزایک و ڕەنگاوڕەنگ ناتواندرێت بە هەمان شێوەی پێشوو لەلایەن حکومەتێکەوە بەڕێوەبچێت کە لە بەرگی ئاییندا بێت.

 

 لە کۆتایی قسەکانیدا سەمیرە حاجی عەلی جەختی لەوە کردەوە کە بواری پەروەردە گرنگە و پێویستە بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و وتی: وەک بوارەکانی پەروەردە کە ساڵانێکە لە سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکدا دابین دەکرێن؛  فرەچەشنی ئەم کۆمەڵگەیە لەسەر بنەمای دیموکراتیک دامەزراوە، لەوانە زمانی دایک، کولتوور، مێژوو، سیستمی پەروەردەم  بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو گەلانی ناو سووریایە، بە عەلەوی و دروز و سریانی و ئەرمەن و عەرەب و...هتد.  ئەرکی ئەوانە بە دەنگێک داوای مافەکانیان بکەن و بتوانن لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە سەرکەوتوویی درێژە بە خوێندن و پەروەردە بدەن،  پێویستە ئەم سیستمە لە سەرتاسەری سووریا جێبەجێ بکرێت، بەم شێوەیە دەتوانین نەوەیەکی زانا و ڕەنگاوڕەنگ دروست بکەین.