"ڕێگە بە داگیرکاری نادەین"
ژنان ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شاری مەنبج و گوندەکانی دەربڕی و تیشکیان خستە سەر پاراستنی دەستکەوتەکانیان و ڕایانگەیاند، رێگە نادەین بەهەشتی سەرزەوییەکەمان داگیر بکرێت.
زەینەب عیسا
قامیشلۆ- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، ئێوارەی ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەم، دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر خەڵکی مەدەنی لە عەین عیسا، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان ژن و منداڵن. ژنانی خەڵکی شاری قامیشلۆ لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرنجیان ڕاکێشا بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانەی دەوڵەتی تورک کە هاوشانی چەتەکانی ئەنجامیان دا و ئیرادەی خۆیان لە دژی هێرشەکان دەربڕی.
"دەبێت دەوڵەتی تورکیا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت"
ئەمیرە حسۆ، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خەڵکی مەدەنی دەکات و داوای لە وڵاتانی نێودەوڵەتی کرد داوای لێپرسینەوە لەو تاوانبارانە بکەن و وتی: دەبینین هەموو ڕۆژێک دەوڵەتی تورکیا هێرشی دڕندانە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆمەڵکوژی گەورە لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدات، دەوڵەتی تورکیا لە لایەک باسی ئاشتی دەکات، لە لایەکی تریشەوە باسی کۆمەڵکوژی دەکات، ئەم ئاشتییە چییە کە ڕۆژانە بە فڕۆکە بێفڕۆکەوان هێرش دەکاتە سەر گەل و ناوچەکەمان، لە عەین عیسا کۆمەڵکوژییەک لەسەر خێزانێک ڕوویدا و لە ئەنجامدا ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان ژن و منداڵن، تاوانی ئەو منداڵانە چییە کە کوژران، ئایا ئەو منداڵانە دەتوانن شەڕ بکەن؟ لە هەموو هێرشێکدا دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانمان دەکاتە ئامانج، دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنانی کورد لە ناوچە داگیرکراوەکانمان، بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە کە ئەم هێرشانە ڕابگرن و لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا بکەن.
"ڕادەست نابین"
ئەمیرە حسۆ ڕایگەیاند، ئەوان وەک ژنی کورد هەمیشە لە تێکۆشاندا دەبن وتی: ئێمەی ژنانی کورد هەرگیز ئەو هێرشانە قبوڵ ناکەین، ئەم کۆمەڵکوژییە کە ئەنجامیان دا، یەکەم کۆمەڵکوژی نییە، هەزاران کۆمەڵکوژی لەو جۆرە لەسەر گەلی کورد ئەنجام دراوە، تا کۆتایی شەڕ دەکەین و تەسلیمی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی نابین".
"لە ئەنجامدا ١٢ کەس لە یەک خێزان گیانیان لەدەستدا"
سەلیحە کەلەش دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا قسەی کرد و وتی: ئەم دۆخەی ئەمڕۆ پێیدا تێدەپەڕین دۆخێکی هەستیارە، ساڵانە دەبینین دەوڵەتی دڕندەی تورک هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. لەکاتێکدا سێ چوار ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر شاری مەنبەج و لادێکانی، دەوڵەتی تورکیا کۆمەڵکوژییەکی تری بۆ سەر بنەماڵەیەکی مەدەنی لە عەین عیسا ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ١٢ کەس لە هەمان بنەماڵە گیانیان لەدەستدا کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو. ئەم کۆمەڵکوژییە دوورە لە پێوەرە مرۆییەکان. دەبینین ژنان هەمیشە دەکرێنە ئامانج، چونکە دەوڵەتی تورکیا چەکی لەسەر شانی ژنان دەترسێت، ناتوانێت ڕووبەڕوو شەڕ بکات، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەیانکاتە ئامانج ".
"رێگە نادەین خاکەکەمان داگیر بکرێت"
سالیحا کەلەش ڕایگەیاند کە وەک ژن هەمیشە لە تێکۆشاندا دەبن و وڵاتەکەیان دەپارێزن و لە کۆتاییدا وتی: ئێمە وەک ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان خۆمان سەلماندووە کە بە هەموو ئەگەرەکانمانەوە تێکۆشان دەکەین، هەمیشە هەڵوێستمان دەبێت و دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەوەستینەوە، بە دەوڵەتی تورکیا دەڵێین ئێوە هەرگیز بە فڕۆکەکانتان ئیرادەی ئێمە ناشکێنن یان شارەکەمان داگیر ناکەن، ئێمە هەمیشە دژی ئێوە دەوەستینەوە و تا کۆتایی ڕێگەتان پێنادەین خاکەکەمان داگیرکار بکەن.