کەجەدەپە: لە مانگی تشرینی دووەمدا ٣٢ ژن کوژراون
کەجەدەپە لە ڕاپۆرتی مانگی تشرینی دووەمی خۆیدا ڕایگەیاند کە ٣٢ ژن کوژراون و ٢٦ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ
پلاتفۆرمی کوشتنی ژنان ڕادەگرین "KCDP" ڕاپۆرتی خۆی بۆ مانگی تشرینی دووەم بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوەکراوە، لەو مانگەدا ٣٢ ژن کوژراون و ٢٦ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە کۆی ٣٢ ژنە کوژراوەکە، ٧ ژنیان بەبیانووی ئەوەی ویستوویانە بڕیار لەسەر ژیانیان بدەن، وەک جیابوونەوە، ڕەتکردنەوەی ئاشتەوایی، ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری کوژراون، یەکێک لە ژنەکان بەهۆی ئەوەی شایەتحاڵی مردنی ژنێک بووە کوژراوە و یەکێکی دیکەش بەهۆی ئەوەی گوایە داوای پارەی کردووە کوژراوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی گوماناوی ٢٦ ژن ئەم زانیاریانە دراوە: هۆکاری گیانلەدەستدانی ٢٦ ژن دیاری نەکراوە، ئەمەش دەرئەنجامی توندوتیژی دژ بە ژنان و ڕوودانی چاوەڕواننەکراوی کوشتنی ژنانە.