ژنانی ئێزدی پشتیوانیان لە بەرخۆدانی شەهبا، شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کرد

ژنانی ئێزدی ڕایانگەیاند، داعش لەگەڵ هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شەهبا، خۆی لە ژێر ناوێکی دیکەدا ڕێکدەخاتەوە و دەڵێن: لە بەرامبەر هێرشەکاندا پێویستە هەموو کەسێک کە تەمەنی لە نێوان حەوت بۆ حەفتا ساڵیدایە، لە پاراستن و بەرخۆداندا بەشداری بکات

شەنگال

 

لە ٢٧ی ئەم مانگەدا، چەتەکانی تەحریر شام لە لادێکانی ڕۆژئاوای شاری حەلەبەوە هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دەستپێکرد. دانیشتوانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لەسەر بنەمای شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی لە دژی هەر بارودۆخێک خۆیان ڕێکدەخەن. لە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە شەهبا لە دوێنێوە بە توندی هێرش دەکەنە سەر شەهبا، ئەمە لە کاتێکدایە خەڵکی عەفرین کە بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ئاوارە بوون، لەوێ دەژین.

 

ژنانی ئێزدی کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو هێرشانە نیشاندا، پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو ژنانەی لە شەهبا و شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەربڕی و ڕایانگەیاند، هێرشەکانی ئێستا هەرچەندە بە ناوێکی دیکە ئەنجام دەدرێن، بەڵام بیرۆکەی داعش و تورکیان، دەوڵەت دەیەوێت داعش زیندوو بکاتەوە.

 

"مەترسی لەسەر ڕۆژئاوا، مەترسییە بۆ سەر شەنگال"

نافیە شەنگالی سەرنجی بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا و ڕایگەیاند، نابێت کەس فریو بدرێت چونکە ئێستا داعش لەژێر ناوێکی تردا خۆی زیندوو دەکاتەوە و خۆی ڕێکدەخاتەوە و وتی: چەند ڕۆژێکە شەڕێکی توند لە حەلەب ڕوویداوە و ئێستا چەتەکان کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیادان هێرش دەکەنە سەر ڕۆژئاوا. بۆیە وەک کۆمەڵگە نابێت خۆمان فریو بدەین و بڵێین شەڕ لە لای ئێمە نییە. مەترسی لەسەر ڕۆژئاوا، مەترسییەکە بۆ سەر شەنگال. هەردووکیان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، کۆتایی شەڕەکەش دەگاتە ئەم شوێنانەش. بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ بەرامبەر ئەم هێرشانە نەوەستینەوە، ئەگەر هێزی یەبەشە-یەژشە-ئاسایشی خۆمان بەهێز نەکەین، شتگەلێکی خراپتر لە فەرمانەکە بەسەرماندا دێت. پێویستە پشت بە هێزی خۆمان ببەستین. ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی کردە سەر تەلەفار و موسڵ، گوتمان نایەتە ئێرە و خۆمان فریودا، بەڵام زیاتر لەو شوێنانە هێرشمان کرایە سەر. لەو شوێنانە زیاتر کۆمەڵکوژی بەسەر ئێمەدا هات و تا ئێستاش هەزاران ژنی ئێزدی بەدەست چەتەکانەوەن. داواکاری و بانگەوازی من بۆ گەلەکەمان پشتگیری لە هێزی کۆمەڵایەتی خۆیان بکەن".

 

"نابێت کەس شوێنی خۆی بەجێبهێڵێت"

نافیە شەنگالی ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی دژی شۆڕشی ژنان دەیانەوێت بە هاوکاری داعش پێکهاتە خۆبەڕێوەبەرەکان بسڕنەوە و وتی: "بەڵام ئێستا شەنگال، شەنگالی کۆن نییە و سەردەمی کۆن نییە، من تەنها یەک داواکاریم لە میللەتەکەمان هەیە، نابێت جارێکی تر هیچ هێرش و فشارێک بۆ سەر خۆیان قبوڵ بەکەن. پێویستە هەموو کەسێک لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە تا تەمەنی حەفتا ساڵی بەشداری بەرخۆدان بکات".

 

"ئەگەر خۆمان نەپارێزین کەس ناتوانێت بمانپارێزێت"

نەعەم خەلەف فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی وەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٤دا هەموو جیهان بینییان چی بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا هاتووە بەڵام خۆیانیان کەڕ و داماو و کوێر کرد و وتی: "ئەو سەردەمەش ئێمە خۆمانمان کەڕ و داماو و کوێر کردبوو، بەڵام ئێستا هێزێکمان هەیە کە لە کچ و کوڕەکانمان پێکهاتووە، بەرخۆدانمان هەیە، ئەگەر خۆمان نەپارێزین کەس ناتوانێت بمانپارێزێت. چونکە پێش ئێستا باوەڕمان بە هەندێک لایەن هەبوو، بەڵام ئەوەی بەسەرمان هات، هەموو جیهان بینی. ئێستا باوەڕمان لەدەرەوەی هێزی ئێمەیە. ئێستا داعش خۆی زیندوو کردۆتەوە و لە حەلەب و ڕۆژاڤا هێرش دەکات. بەڵام بەداخەوە هێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا کەڕ و داماو و کوێر بوون".

 

"پێویستە دەست بگرین"

نەعەم خەلەف ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی کردە سەر هەموو شوێنێک، وەک هەموو کەسێک، ئەویش کاردانەوە و هەڵوێستی هەبووە، بەڵام لە کۆتاییدا هێرش گەیشتە شەنگال و بەم شێوازە کۆتایی بە قسانەکانی هێنا: "بەڵام ئەمجارە دەبێت تەنها سەیری ڕووداوەکان نەکەین. کێ داعشە، داعش دەوڵەتی تورکیایە، دیسان دەوڵەتی تورک داعشی خۆی دروست کردووە و لە هەموو شوێنێک هێرش دەکات. بەڵام ئێستا ئێمە وەک جاران نین، هێزی ئەوەمان هەیە لەگەڵ منداڵەکانمان بەرەنگاری هەموو جۆرە هێرشێک ببینەوە. ئێمە جارێکی تر بەرامبەر ئەم جۆرە هێرشانە دەوەستینەوە. لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی هێرشەکانی داعش پێکهاتەکان لە شوێنەکانی خۆیان هەڵاتن، بەڵام ئەمجارە بەو شێوەیە نابێت. ئێستا لە شاخی شەنگال هێز و دەروێشەکانمان هەن و بەرخۆدان دەکەین. بانگەوازی من بۆ کچان و کوڕەکانمان، بۆ کۆمەڵگاکەمان، ئەوەیە کە دەستی یەکتر بگرن و بەرەنگاری هێرشەکان ببنەوە".