"دەمانەوێت لە پیاوسالاری ڕزگارمان بێت"

ئەو پیاوانەی بەشدارییان لە پەروەردەکانی کۆنگرەی ستاردا کردووە، جەختیان لەوە کردەوە کە توندوتیژی دژی ژنان توندوتیژییە بەرامبەر بە خودی کۆمەڵگە و دەڵێن: "دەمانەوێت لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕزگارمان بێت".

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی ٢٥ی ئەم مانگە کە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، کۆنگرەی ستار لە ١٧ی ئەم مانگە دەستیکرد بە خولی پەروەردەی  پیاوان لە شەداد و کامپی واشۆکانی. لە خولەکەدا بابەتەکانی ڕەگەزپەرستی، توندوتیژی دژی ژنان و پێکەوەژیانی ئازاد تاوتوێ کران.

 

پەروەردەی ناوچەی شەداد لە ناوەندی ئەنجومەنی ناوچەکە بە بەشداری ٢٠٠ پیاو دەستی پێکرد و لەلایەن مەلەک مەحمەد، ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ناوەچەی شەداد بەڕێوەدەبرا. جگە لەوەش پەروەردەی  کامپی واشۆکانی بە بەشداری ١٧ پیاو لە ئەنجومەنی کامپەکە ئەنجامدرا و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوامن.

 

"ئازادی لە ئەقڵییەتی پیاوسالاری، ئازادییە"

فادل ئەحمەد، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی پەروەردەکەی کۆنگرەی ستار، ڕایگەیاند، ئامانجی بەشداریکردن لە خولی پەروەردە گۆڕینی بیرکردنەوەی پیاوسالارییە و وتیشی: توندوتیژی دژ بە ژنان زۆر جۆری هەیە، بەڵام هەمووی لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی پیاوسالارییە کە هەزار ساڵە حوکمڕانی کۆمەڵگە و کۆیلەی کردووە، یەکێکە لە ڕێگاکانی بنیادنانی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا، ئەو نەریتە کۆمەڵایەتیانەن کە ڕێگریان لە گەشەکردنی ژنان کردووە، ئێمە ڕزگاربوون لە ئەقڵییەتی پیاوسالاری وەک ئازادی دەبینین.

 

"کۆمەڵگەیەک قبوڵ دەکەین کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئازاد و خێزانێکی دیموکراسی دامەزرابێت"

فادل ئەحمەد جەختی لەسەر ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە توندوتیژی کردەوە و وتی: ژنان لە سەر بنەمای پێکەوە ژیانی ئازاد و خێزانێکی دیموکراتیک دەتوانن خۆیان لە توندوتیژی ڕزگار بکەن. بەم شێوەیە نەک هەر ژن لە توندوتیژی ڕزگاری دەبێت، هەموو کۆمەڵگە ڕزگاری دەبێت. ئەمڕۆ له ژێر سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک، ژنان هەنگاوی گرنگ دەنێن و بوونی خۆیان دەردەکەخەن، بۆیه ڕزگاربوون له ئەقڵییەتی پیاوسالاری به تکۆشانی هەر دوو ڕەگەز دەکرێت.

 

"دەمانەوێت لە عەقڵیەتی پیاو ڕزگارمان بێت"

مەهدی ئەلدیخەم باسی لەوە کرد کە گەڕانەوەی ژن و پیاو بۆ جەوهەری خۆیان هەنگاوێکی مێژووییە و وتی: ژن و پیاو لە لایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە کراون بە کۆیلە، چونکە ئەوانیان لە ڕاستی خۆیان جیا کردووەتەوە. لەم شۆڕشەدا دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ سروشتی خۆمان و لەژێر فەلسەفەیەکی ئازاددا بژین. ئێمە پێمان وایە ژن بە هزر و تێکۆشانی خۆی دەتوانێت ژیانێکی ئازاد بخوڵقێنێت، چونکە ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا ژن ئازاد نەبێت، هەموو کۆمەڵگە کۆیلەیە. ئێمە دەمانەوێت لەم بیرکردنەوە ڕزگارمان بێت و بە ڕێزەوە بەشداری چالاکییەکانی ٢٥ی ئەم مانگە دەکەین.