بەهۆی دۆخی غەززە نەرویج پەنا بۆ دادگای نێودەوڵەتی دەبات

 بەهۆی بۆردومانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە دەیان کەسی سڤیل کوژران و برینداربوون، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، هاوکات ڕێڕەوی هاوکاری ١٠٠ هەزار ئاوارەی باکووری کەرتی غەززەی پچڕاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە وەڵامی بڕیاری قەدەغەکردنی کارەکان "UNRWA"  لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە، نەرویج بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دووپاتیکردەوە کە بڕیارنامەیەک پێشنیار دەکات بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داوای بۆچوونی دادگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە هێزەکانی ئیسرائیل، بۆ پابەندبوون بە ئاسانکاری بۆ چوونە ناوەوەی ئەو هاوکاریانەی کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشکەش بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە دەکرێن.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣٠ی تشرینی یەکەم، بۆردومانێکی هێزەکانی ئیسرائیل لە شاری دێر بەلاح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، چادرێکی نیشتەجێبوونی ئاوارەکانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون کە لەناویاندا منداڵ و ژن هەن.

 

بۆردومانی چادری ئاوارەکان لە ناوچەی ئەلمەواسی لە باکووری غەززە، ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون، تیمە پزیشکییەکانیش بریندارەکان و تەرمی کوژراوەکانیان گواستەوە بۆ کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر، لەوێ پزیشکەکان بارودۆخی هەندێک لە بریندارەکانیان وەک مەترسیدار ناوبرد.

 

دوابەدوای هەڵمەتی هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر کۆبوونەوەیەک لە “بازاڕی تونێل” لە ناوەڕاستی غەززە، لانیکەم چوار کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

 

هێزەکانی ئیسرائیل خوێندنگەی ئەلفاخورەی سەر بە UNRWA یان لە کامپی جیبالیە لە باکووری کەرتی غەززە سووتاند، هەروەها بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی ئاسمانی و تۆپخانە بۆ ناوچە جیاوازەکانی باکووری گەمارۆدراو کەرتی غەززە، کە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک گیان لەدەستدان بریندار بوون تۆمار بکرێت.

 

 نزیکەی ١٩ کەس لە هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچەکانی غەززە کوژران، لە کاتێکدا تانکەکانی بە ئامانجی بڕینی هاوکاری نزیکەی ١٠٠ هەزار ئاوارە لە باکووری کەرتی غەززە چوونە ناوەوە، هاوکات بوو لەگەڵ بەردەوامی بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکانی لەو ناوچەیەدا.

 

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس شەڕ دەکەن و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس کوژراون و زۆربەیان ژن و منداڵن، جگە لە دەیان هەزار کەس بێسەروشوێن بوون، هەروەها بووە هۆی قەیرانێکی مرۆیی و تەندروستی بێ وێنەی و برسێتی کە دەیان کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

نەرویج پەنا بۆ دادگای نێودەوڵەتی دەبات

 نەرویج ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێشنیاری بڕیارنامەیەک بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ داوای بۆچوونی دادگای دادی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پابەندبوونی هێزەکانی ئیسرائیل بە ئاسانکاری بۆ چوونە ناوەوەی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێشکەشی خەڵکی مەدەنی لە غەززە دەکەن، جا لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بێت یان لە وڵاتانی ترەوە.

 

جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەنگاوە لە وەڵامی بڕیارەکەی دوێنێی کنێستی ئیسرائیل "پەرلەمان" هات کە کارەکانی  UNRWA  لە ناوخۆی ئیسرائیل قەدەغە دەکات، ئەمە جگە لەو ئاستەنگانەی کە دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کارە فریاگوزارییەکانیاندا زیاتر لە ساڵێکە لە سەرەتاوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە لە شەڕەکە.

 

 UNRWA بڕیارەکەی پەرلەمانی شەرمەزار کرد و بە "شەرمەزارکەر" پێناسەی کرد، جولیەت توما، وتەبێژی ئاژانسەکە وتی: شەرمەزارییە کە وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کار بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەزگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە گەورەترین وەڵامدەرەوە دادەنرێت بۆ ئۆپەراسیۆنی مرۆیی لە غەززە، ئەم بڕیارە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، کارەساتێکی مرۆیی پێکدەهێنێت و کاریگەرییەکانی دەگاتە غەززە و چەند ناوچەیەکی کەناری ڕۆژئاوا چونکە دابینکەری سەرەکی شوێنی نیشتەجێبوون و خۆراک و چاودێری تەندروستییە لە غەززە.