لە دوای دەستبەسەرکردنییەوە زانیاری لە بارەی مینا سوڵتانی نازانرێت

مینا سوڵتانی، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەر کردنیدا، بە بێ مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر و سەردانی خێزانەکەی ماوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

مینا سوڵتانی، ناسراو بە دایە مینا، دایکی شەهریار محەمەدی ، یەکێک لە گیان بەختکردووانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری بۆکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر و سەردانی خێزانەکەی لێ زەوت کراوە.

 

ئەم دایکەی داواکاری دادپەروەری لە دوای دەستبەسەرکرانیەوە، تەنیا یەک پەیوەندی تەلەفۆنی کورتی لەگەڵ یەکێک لە کەسوکارەکەیدا ئەنجام داوە و لە بارەی دەستبەسەرکردنی لە ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندیی ورمێ ئاگاداری کردووەتەوە.

 

لەو کورتە پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا کە هەفتەیەک دوای دەستبەسەرکردنی کراوە، باسی لەوە کردووە، هەموو ڕۆژێک بۆ لێپرسینەوە دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و شەوانە دەیگەڕێننەوە ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.

 

دایە مینا لە ماوەی دەستبەسەرکردن دایە و لە وەرگرتنی دەرمانەکانی بێبەش کراوە و دەزگا ئەمنییەکان ڕوونکردنەوەیەکیان بۆ خێزانەکەی نەداوە، سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی و بارودۆخی تەندروستی دایە مینا.

 

مینا سوڵتانی ١١ ئەیلوولی ٢٠٢٤ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری بۆکان بە بێ فەرمانی قەزایی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە.

 

ئەم دایکە داواکارەی دادپەروەری بەهۆی چالاکییەکانی لە دوو ساڵی ڕابردوودا، کە لە دوای کوشتنی شەهریار محەمەدیی کوڕی لە ٢٧ تەشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە شاری بۆکان، دەستی پێکردووە، چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە فشار و هەڕەشەی لێکرابوو، تا بێدەنگ بکرێت.