خانەوادەی شەهید وەدات حسێن چەپکە گوڵی وەفایان لەسەر مۆنیۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت دانا

لە شاری سلێمانی، لەلایەن خانەوادەی ڕۆژنامەنووسی تیرۆر کراو وەدات حسێنەوە تاجەگوڵینەی ڕێز لەسەر ناوی شەهید وەدات و شەهیدانی ڕێگای ئازادی، لەسەر مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت داندرا.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازادی لە شاری سلێمانی، خانەوادەی شەهید وەدات حسێن بە دانانی تاجە گوڵینە لەسەر ناوی شەهید وەدات حسێن ناسراو بە شەهیدی قەڵەم، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا لە لایەن پەدەکەوە تیرۆرکرا، یادی شەهید وەدات و هەموو شەهیدانی قەڵمیان کردەوە.

 

سەمەد حسێن، برای شەهید وەدات، سەردانی مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەتی کرد، کە بۆ یادێک لە ڕۆژنامەنووسانی تیرۆر کراوی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ٢٠٢٤ دانراوە.

 

سەمەد حسێن، برای شەهید وەدات حسێن، لەسەر ناوی خانەوادەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: وەدات حسێن لە ١٣ی ئابی ٢٠١٦دا لە کاتی کارکردنی بۆ فکرێکی ئازاد کە پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز بوو لەلایەن پەدەکەوە ڕفیندراو پاشان شەهید کرا، شەهید وەدات لەسەر بیروڕایەکی ئازاد کار و خەباتی خۆی ئەنجام دەدا، حکومەتی هەرێم و داگیرکەران هاوکارن بۆ نەبوونی دەنگێکی ئازاد لە باشووری کوردستان و کپکردنەوەی دەنگی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، لە ڕێگەی تیرۆرکردنیانەوە بەردەوام لە هەوڵدان، بەڵام ڕۆژنامەنووسان و هاوپیشەکانی شەهید وەدات بەردەوام لە تێکۆشاندان بۆ هەڵبڕینی دەنگی ئازاد.

 

هەروەها پشتیوانی و خاوەندارێتی بنەماڵەی شەهید وەدات بۆ شەهیدانی ڕێگای ئازادی دوپاتکردەوە، وتی: هاوشێوەی شەهید وەدات چەندین شەهیدی ڕێگای ئازادی دیکە لە مۆنۆمێنتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، وەک شەهیدان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، کە لە ٢٣ی ئابدا لە ڕێگەی هێرشی درۆنییەوە تیرۆر کران، هاوڵاتیانی شاری سلێمانی هاوڵاتیەکی بە جەرگ و ڕۆشنبیری تێدایە، بەردەوام خاوەنداری لە شەهیدەکانیان دەکەن، بە هیوای داکۆکیکردن و سەندنەوەی مافی ڕۆژنامەنوسانی ئازاد تێدەکۆشن.