شۆڕشی ژنان لە ئێرانەوە تا شاری ئامەد فراوان دەبێت

بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی کوشتنی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

١٦ی ئەیلوول، بە بۆنەی دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی و دەسپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، پلاتفۆرمی ژنانی دیجلەی ئامەد و تۆڕی بەرەنگاربوونەوە لە دژی توندوتیژی لە شاری ئامەدی باکوور کوردستان لە بەردەم بینای دادگای شار تا گۆڕەپانی شێخ سەعید ڕێپێوانیان کرد.

 

نوێنەری زۆرێک لە دامودەزگا و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی شاری ئامەد، دایکانی ئاشتی و پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەل – دەم پارتی و سەرحەد ئەران و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەشدارییان لەو چالاکییەدا کرد.

 

ژنانی بەشداربووی ڕێپێوانەکە وێنەی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و نارین گۆرانی ٨ ساڵانیان بەرزکردەوە، کە لە ٢١ی ئابدا بێسەروشوێن بوو و لە ٨ی ئەیلوول تەرمەکەی دۆزرایەوە، لەگەڵ پلاکاردێک کە لەسەری نووسرابوو "نووسیمان، ئێستا پێکی دەهێنین" و دروشمی "پاراستنیان مەکەن، بیانخەنە بەردەم دادگا"، "رێککەوتنی ئەستەنبوڵ جێبەجێ بکەن"، "لە ژینا ئەمینیەوە تا نارین، بکوژەکان دەناسین" یان دەوتەوە.

 

دوای هەوڵە سەرنەکەوتووەکانی پۆلیس بۆ ڕێگریکردن لەم چالاکییە و بەرخۆدانی ژنان لە دژی ئەوان، ژنان لە گۆڕەپانی شێخ سەعید لەگەڵ هاوار و وتنەوەی دروشم ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

 

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن فیلیز کایدۆ، وتەبێژی پلاتفۆرمی ژنانی دیجلەی ئامەد خوێندرایەوە و وتی: هەر جارێک خەباتی ژنان لە دژی ڕژێمە کۆنەپەرستەکان فراوانتر دەبێت، شۆڕشی ژنانمان لە ئێرانەوە تا شاری ئامەد فراوان دەبێت، دەنگی "ژن، ژیان، ئازادی" بە یەک دەنگی، دەنگ دەداتەوە.