دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئیرادەمان بەهێزتر دەکات
کۆردیناسیۆنی کوردستان لە ڕێپێوانی جیهانی ژنان-باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵیادی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە هێمایەکی شۆڕشگێڕانە، ئیلهامبەخشە بۆ تێکۆشانمان.
ناوەندی هەواڵ
ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژرا، ئەم ڕووداوە بە پێشەنگایەتی ژنان، گۆڕا بۆ سەرهەڵدانی ''ژن، ژیان، ئازادی'' و لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بڵاوبووەوە، کۆردیناسیۆنی کوردستان لە ڕێپێوانی جیهانی ژنان-باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی " ژن، ژیان، ئازادی" ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
کۆردیناسیۆنەکە بە یاد کردنەوەی دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی ڕایگەیاند، "ژینا ئەمینی بە خوێنی خۆی پریشکی شۆڕشی داگیرساند، شۆڕشێک کە هێزە چەپەڵەکان نەیانتوانی بیکوژێننەوە، هەر دڵۆپێک خوێنی بوو بە هاوارێک لە دژی تاریکی و هێزەکانی چەوساندنەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "کوشتنی ژینا ئەمینی ڕووداوێک نەبوو، بەڵکو ئامانج لێی شکاندنی ئیرادەی ئازادی ژن و سەرکوتکردنی دەنگیان بوو، دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'ی هاوارێکە کە دڵەکانی ڕۆشن کردەوە و پەیامێکی قووڵ و ڕادیکاڵە بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەک و ڕاگەیاندنی ئازادی ژن، بنەمای ئازادیی هەموو کۆمەڵگەیەکە، ئەم فەلسەفە شۆڕشگێڕانەیە داوای دروستکردنی کۆمەڵگەیەک دەکات کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و کەرامەت بێت".
"ڕژێمی ئێران بە شێوازی جیاواز هەوڵی بێدەنگکردنی ژنان دەدات"
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕژێمی مەلاکان لە ئێران بە ڕێگەی دڕندانە هەوڵی بێدەنگکردنی ژنان و شکاندنی بڕیارەکەیان دەدات ، بەڵام لەبەردەم مەشخەڵی ژینا ئەمینی و ژنانی تێکۆشەری ئێران، ڕووبەڕووی هێزێکی ڕێگری لێنەکراو دەبنەوە، زیادبوونی سزای سێدارە لە دژی چالاکوانانی ژن، وەک پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، ترسی ئەم دەسەڵاتە لە ئیرادە و دەنگی ژنان دەردەخات کە زوڵمی لێدەکات، ئەم بڕیارە ناڕەوایانە بێزارمان ناکەن، باوەڕمان بە پێویستی بەرخۆدان قووڵتر دەکاتەوە، وەک کۆردیناسیۆنی کوردستان لە ڕێپێوانی ژنانی جیهانی، بە شانازییەوە لە تەنیشت هەموو ژنانی ئێران وەستاوین و هاوسۆزیی بەهێزی خۆمان لەگەڵ تێکۆشانیان لە دژی ئەم ڕژێمە دەردەبڕین، کە دەیەوێت بە سێدارە و هەڕەشە خۆی بەهێزتر بکات، تێکۆشانی ژنان لە ئێران بەشێکی بنەڕەتی تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایە، ناوچەیەک کە لە مێژە بەدەست چەوساندنەوەی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان و هەوڵە بێهیواکانیان بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ژنان و سەرکوتکردنی شۆڕشەکانیان دەناڵێنێت.
کۆردیناسیۆنەکە ئەوەشی خستەڕوو، نیشانی دەدەن هاودەنگی نێوان ژنانی ناوچەکە و جیهان ئەو هێزەیە کە دەتوانێت گۆڕانکاری بەدی بهێنێت، "ئێمە دەنگ بەرز دەکەینەوە و داوای هەنگاوی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ئاشکراکردنی کردەوەکانی ڕژێمی ئێران و ڕاگرتنی لەسێدارەدان و ئازادکردنی ژنە زیندانییەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێ بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە بێدەنگ بێت، چونکە بێدەنگییەکەی هاوبەشی لە تاوانەکانی بێدەنگکردنی ژنانە، تێکۆشان بۆ ئازادیی ژنان تەنیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی ئێران سنووردار نییە، تێکۆشانێکی بەردەوامە لە دژی هەموو جۆرە کۆیلایەتییەک کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، ئێمە زۆر باش دەزانین کە یەکڕیزی و یەکگرتووییمان ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەسەڵاتە چەپەڵانەیە، وەک ڕێکخراوەکانی ژنان پێویستە ستراتیژی تێکۆشانی هاوبەش بۆ پێشگرتن لەو چەوساندنەوەیە دابڕێژین، دەبێ لەوە تێبگەین کە تێکۆشانی ئەمڕۆمان تەنیا بۆ ژنانی ئێران نییە، خەباتێکی جیهانییە بۆ ئازادی و کەرامەت".