"لە هەموو شوێنێک پێکەوە دەنگ هەڵدەبڕین"

تەڤگەری ژنان ئازاد-تەژەئا لە سێیەمین ساڵیادی هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ڕایگەیاند، پێکەوە هاوار دەکەین ژن، ژیان، ئازادی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سێیەمین ساڵیادی هاتنەسەر دەسەڵاتی تاڵیبان، تەژەئا سڵاوی ئاڕاستەی ئەو ژنانەی ئەفغانستان کرد، کە لە دژی ڕژێمی تاڵیبان خۆڕاگریی و بەرخۆدان دەکەن و ڕایانگەیاند، “لە هەموو شوێنک پێکەوە هاوار دەکەین ‘ژن، ژیان، ئازادیی.”

 

ڕاگەیاندراوەکەی تەژەئا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە بەردەم بینای ڕێکخستنی دەم پارتی لە وان خوێندرایەوە و چەندین ڕێکخراو و ژنە چالاکوان تێیدا بەشداربوون، هاوسەرۆکی ناوچەی ئارموشی دەم پارتی شەڤین پۆڵاد لە کۆنفڕاسە ڕۆژنامەوانییەکەدا قسەی کرد و داوای کرد تێکۆشانی ژنان فراوانتر بکرێت.

 

شەڤین پۆڵاد ئەوەی خستەڕوو، لە هەر جوگرافیایەک گۆڕانکاریش بکرێت سیاسەتی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان لە بەرامبەر ژنان ناگۆڕدرێت و وتی، کە لە دژی ئەو سیاسەتە ژنان لە هەموو گۆڕەپانێکدا پەرەیان بە تێکۆشانی خۆیان داوە، وتیشی: ژنان و کچانی ئەفغانستان دەیان ساڵە لە ئەنجامی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی دەوڵەت-نەتەوەکان لە مافەکانیان بێبەش کراون و ڕایگەیاند، “ڕووبەڕووی شەڕ و توندوتیژی سیستماتیک، برسێتی و حیجابی زۆرەملێ بوونەتەوە، ژنان و کچان کە پێشەنگی ئازادیی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بوون، بە پلەی یەکەم کرانە ئامانج.

 

شەڤین پۆڵاد لە کۆتاییدا داوای پەرەپێدان بە تێکۆشانی ڕێکخستنکراوی کرد و وتی: “ئێمە وەک تەژەئا داکۆکی لە تێکۆشانی ئازادیی ژنانی ئەفغانستان دەکەین، کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە ئیرادەیان زەوت کراوە، لە هەموو شوێنێک پێکەوە دەنگ هەڵدەبڕین و هاوار دەکەین ‘ژن، ژیان، ئازادیی.”

 

چالاکییەکە بە وتنەوەی درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” و بە چەپڵەڕێزان و هەلهەلە لێدان کۆتایی هات.