"هەموواری یاساکە پشکی ئاگرەکەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە"

ڕێکخراوی کۆبەستی کۆمەڵایەتی کورد ڕایگەیاند، تێپەڕاندنی هەموواری یاسای باری کەسی پێچەوانە و دژی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤە و عێراق واژۆ و پەسەندی کردووە و دژی خودی دەستووری ناوخۆی عێراقیشە

 سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای شاری سلێمانی ڕێکخراوی کۆبەستی کۆمەڵایەتی کورد کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ساز کرد و هەڵوێستی خۆیان دژی پڕۆژە یاسای هەمووار کردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق بە ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ نیشاندا و ڕایانگەیاند، پێویستە لایەنە کوردەکان لە پەرلەمانی عێراق ببنە بەربەست لە بەردەم تێپەڕاندنی هەمووارەکە و تێکەڵ بە ڕێکەوتنە سیاسییەکانی نەکەن.

 

ماردین عوزێری، سەرۆکی ڕێکخراوی کۆبەستی کۆمەڵایەتی کورد لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: هەموواری یاسای باری کەسیی عێراقیی سەرباری ئەو هەموو کێشانەی ئێستا لە کۆمەڵگەدا هەن، کێشەی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ژن و منداڵ و پیاوان و تەواوی کۆمەڵگەش لێی زەرەمەند دەبن، لە تەواوی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەزهەب و باوەڕی جیاواز هەیە و ناکۆکییەکانیش زۆرن، بەڵام بێتە ئاستێک کە یاسای باری کەسی لەسەر دابنرێت و پشت بە مەزهەبەکان ببەستریت ئەوە مەترسییە گەورەکەیە بۆ تەواوی کۆمەڵگە.

 

جەختی کردەوە کە وەک ڕێکخراوی کۆبەستی کۆمەڵایەتی کورد دەیانەوێت ئەو کۆمەڵە یاسایەی بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی پێشنیار کراوە، واژۆی لەسەر نەکرێت و ڕابگیرێت، بەتایبەت هێزە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق ببنە ڕێگر و بەربەست لەبەردەم تێپەڕاندنی و نەیکەنە بەشێک لە ڕێکەوتنە سیاسییەکانیان، وتیشی: ئەگەر ئەو یاسایە تێبپەڕێندرێت، ئەوا دەبێت گۆڕانکاری لە یاسای مەدەنی و سزادانیشدا بکرێت، چونکە هەموواری باری کەسی ڕەوایەتی دەدات بە کۆمەڵێک تاوان کە ئێستا لە یاسای سزاداندا، سزای بۆ دانراوە بە تایبەتیش بەرامبەر منداڵان.

 

وتیشی: ئەگەر ئەو هەمووارە تێپەڕببێت ئەوا پشکی ئاگرەکەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەتایبەت کە ئێستا لە هەرێمدا نزیکەی دوو هەزار منداڵ هەن، کە لە ئەنجامی فڕاندن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی ئێزدی لەلایەن داعشەوە هاتوونەتە دونیا، بە تێپەڕاندنی ئەو هەمووارە گرفتەکە زیاتر دەبێت و منداڵی لەو شێوەیە زۆر زیاتر لە کۆمەڵگەدا درووست دەبن چونکە یاساکە هاوسەرگیری دەباتە دەرەوەی دادگاکان.

 

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەکرد، تێپەڕاندنی هەموواری یاسای باری کەسی پێچەوانە و دژی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤە و عێراق واژۆ و پەسەندی کردووە و دژی خودی دەستووری ناوخۆی عێراقیشە.