شاندێکی نێودەوڵەتی کە دەیانویست بچنە ناو شەنگالەوە ڕێگرییان لێکرا
ژمارەیەک لە گەنج و چالاکوانی نێودەوڵەتی، کە دەیانویست لە یادی ١٠ ساڵەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بچنە شەنگال، لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە ڕێگرییان لێکرا بچنە ناو تەلەعفەر.

شەنگال
بە بۆنەی ١٠یەمین ساڵەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، چەندین چالاکی و هەڵمەتی جیاواز بۆ بەبیرهێنانەوەی ئەو ڕۆژە و بەرز ڕاگرتنی قوربانییانی فەرمانەکە بەڕێوە دەچن، لەو چوارچێوەیەشدا، شاندێک کە پێهاتوون لە گەنجان و چالاکوانانی سویسرا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، ویستیان بەدواداچوون بۆ چالاکییەکان بکەن و چوونە شەنگال.
کاتێک شاندەکە گەیشتە بازگەی سەوز لە تەلەعفەر ڕێگرییان لێکرا و بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی شاندەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی کە دەیانەوێت پڕۆژە مرۆییەکانیان لە شنگال جێبەجێ بکەن، بەڵام ڕێگرییان لێدەکرێت.
ئەندامانی شاندەکە داوایان کرد، چیدیکە ئاستەنگی لەبەردەم چالاکییە مرۆڤایەتییەکاندا دانەنرێت.