سیاسەتی گۆڕانی دیمۆگرافی لە شەهبا شەرمەزار کرا

ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین-شەهبا بە ئامانجی شەرمەزارکردنی سیاسەتی گۆڕانی دیمۆگرافیا لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان لە شەهبا بەیاننامەیەکیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە.

شەهبا

 

بەمەبەستی شەرمەزارکردنی سیاسەتی حکومەتی تورکیا بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە داگیرکراوەکان، ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین-شەهبا لە کامپی سەردەمی شارۆچکەی ئەحداسی سەر بە عەفرین-شەهبا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، دامودەزگاکان و دانیشتوانی کامپی سەردەم بەشدارییان لەو بەیاننامەیەدا کرد و پانکارتیان بەرز کردەوە کە لەسەری نووسرابوو "ئێمە بێدەنگی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕانی دیمۆگرافی لە عەفرین شەرمەزار دەکەین" و "گۆڕانکاری دیمۆگرافی تاوانی جەنگە"، بەیاننامەکە لەلایەن ڕزگار لۆلۆ، ئەندامی ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین-شەهبا خوێندرایەوە.

 

"بەتایبەت لە عەفرین گۆڕانکاری دیمۆگرافی بەردەوامە"

ڕزگار لۆلۆ تیشکی خستەسەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچە داگیرکراوەکان و وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ئەنجامدانی هەموو پێشێلکارییەک کە لە ئاستی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگدان بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی خۆجێی لە ناوچە داگیرکراوەکان، بەتایبەت دژ بە کورد لە عەفرین، باب، سەرێکانی و گیرێ سپی، لە ڕێگەی سیاسەتی گۆڕانی دیمۆگرافییەوە بەردەوامە لە دروستکردنی خانوو بە ناوی دروستکردنی ناوەندی نیشتەجێبوون بۆ پاراستنی کۆچبەران، بەڵام خێزانی چەتەکانی تێدا دادەنێت، ئەمانە بە گشتی تاوانی جەنگن بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە مەبەستی لەناوبردنی ژیانی هاوبەش و فرەچەشنی کولتووری لە ناوچە کوردنشینەکان و سووریا بە گشتی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی بەڕێوە دەبات، مانگی سووری قەتەر و کوەیت و هەندێک ڕێکخراوی دیکە پشتگیری لە سیاسەتەکانی گۆڕانی دیمۆگرافی دەکەن کە لەلایەن داگیرکاری تورکیاوە جێبەجێ دەکرێن.

 

"قەتەر و کوەیتیش پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیا دەکەن"

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتەکانی گۆڕانی دیمۆگرافیای داگیرکەری تورکیا کراو وترا: تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەو ڕێکخراوانەی کە پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەکەن و تاوانەکانی گۆڕانی دیمۆگرافی کە ئامانجیانە، شەرمەزار دەکەین، داوا لە ئەنجوومەنە ئەمنییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتدارانی مانگی سوور لە قەتەر و کوەیت بگرنەبەر، هەروەها داوا لە دەوڵەتانی قەتەر و کوێت دەکەین کە پەیڕەوی لە چالاکییەکانی ڕێکخراوی مانگی سووری خۆیان بکەن و بە ناوی مرۆڤایەتی پەیڕەوی پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەکەن، داواکاری ئێمە لە حکومەتی سووریا ئەوەیە کە یاساکەیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەببەن، ئێمەی کۆچبەرانی عەفرین و شەهبا، خاوەندارێتی لە خاکەکەمان و مێژووی خۆمان و خەباتی خۆمان بۆ ڕزگارکردنی خاکەکە دەکەین.