"ڕێگە چارەسەری بۆ کێشەکان پێویستە بدۆزرێتەوە"

ژنانی گەنجی باشووری کوردستان کە بەشداربووی کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وباکووری ئەفریقا بوون، باسیان لە گرنگی کۆنفرانسەکە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەری کێشە و قەیرانەکان کرد.

بانە ڕۆز

 

بیروت- بە دروشمی "گەنجان و بونیادنانی ئایندەیەکی ئازاد" لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەسترا، کە گەنجان و ژنانی گەنجی چوار پارچەی کوردستان تیایدا بەشداربوون و هەڵسەنگاندنیان کرد.

 

وتارەکانی یەکەم ڕۆژی کۆنفڕانسەکە باسی کاریگەرییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەسەر گەنجان، تێکۆشان، ئەزموون و سەربەخۆیی گەنجان و ژنان، جینۆسایدی سیستماتیکی سروشت و لەناوبردنی ژینگە، پێگەی ژنانی گەنج و ئازادی ژنان بوو.

 

لە دووەم ڕۆژی کۆنفڕانسەکەدا وۆرک شۆپ لەسەر بابەتەکانی، ڕۆڵی گەنجان لە بەرەوپێشبردنی کولتووری پێکەوەژیان و کارکردن بۆیەکخستنی وزەی گەنجان بۆ بونیادنانی پشتیوانی یەکتر، تێکدانی ژینگە، پەروەردە و گەنجان، ئایین و نەتەوەپەرستی و ڕەگەز بەڕێوەچوو، هەروەها باس لە نایەکسانی ڕەگەزی لە دژی ژنان و کۆتایهێنان بە جیاوازی ڕەگەزی کرا.

 

 دەستپێشخەری گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕێگەی کۆنفڕانسەکەوە هەوڵیاندا تاوتوێی بابەتەکانی پەیوەست بە گەنجان و داهاتووی وڵاتەکانیان بکەن، باس لە کێشە و پرس و قەیرانەکانی ئێستا بکەن و لە مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە بە دوای ڕێگا و ئامرازی گونجاودا گەڕان بۆ چارەسەرکردنیان، لە کۆتایشدا بە ڕاگەیاندنی ئەنجامنامە کۆنفرانسەکە کۆتایی هات.

 

ژنانی گەنجی بەشداربوو ڕۆڵی گەنجان هەڵدەسەنگێنن

ژینۆ محەمەد، وەک ژنێکی گەنج لە شاری سلێمانی باشووری کوردستانەوە بەشداری کۆنفرانسەکەی کردووە و وتی: لە کۆنفرانسەکەدا گەنجانی چەندین وڵاتی جیاواز بەشدارییان کردووە، تیایدا باسیان لە کێشەکانی گەنجان و بە تایبەت ژنان کرد، ئەوەی گرنگە کە لەم کۆنفرانسانەدا گەنجان و ژنان دەرفەتیان پێبدرێت تا خۆیان لەسەر کێشەکانی خۆیان قسە بکەن و تاوتوێی چارەسەریی کێشەکانیان بکەن.

 

حەیات شەمۆ، ژنێکی گەنجی ئێزدییە لە شاری موسڵەوە بەشداری کۆنفرانسەکەی کردووە، باسی لەوەکرد، کە ئامانجی بەشداربوونیان ئەوەیە دەنگیان بگاتە جیهان و مافی ژنان بە جیهان بناسێنن، وتیشی: کۆنفرانسەکە زۆر باشە و ئێمە دەمانەوێت مافەکانیان وەک ژنانی ئێزدی بەدەستبهێنین، چونکە لە ٢٠١٤ تا ئێستا ژنانی ئێزدی لە دەستی داعشدا ماونەتەوە و چەندین هێرشیان کراوەتە سەر، بۆیە چارەسەرییەکان بۆ ژنانی ئێزدی ڕفێندراو و ئەوانەی لە کامپەکاندا دەژین ئەوەیە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ژنانی ڕفێندراویش ئازاد بکرێن و ناوەندی ژیانەوەیان بۆ بکرێتەوە.