ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن و هێزە ئەمنییەکان دەیان کەسیان لە زانکۆی ئەسینا دەستگیر کردووە

هێزە ئەمنییەکانی یۆنان بۆ تێکدانی ناڕەزایەتی خوێندکاران، دەیان کەسیان دەستگیر کرد کە لەنێویاندا بیانییەکانی فاکەڵتی یاسای زانکۆی ئەسینای پایتەخت هەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەسینای پایتەخت یۆنان شاهیدی چەندین خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەلەستین بووەوە، کە ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە بەردەوامی شەڕ لە کەرتی غەززە دەربڕی.

 

دوێنێ، ١٤ی ئایار، هێزە ئەمنییەکان ٢٨ کەس، کە نۆ کەسیان بیانین، بۆ شکاندنی چالاکییەکانی خوێندکارانی ناڕازی لە فاکەڵتی یاسا لە زانکۆی ئەسینای پایتەختی یۆنان دەستگیر کرد.

 

پۆلیس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کەسانەیان بە تۆمەتی تێکدانی سیستمی گشتی و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی کەسانی دیکە و نافەرمانی دەستگیرکردووە، ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوەدا، ئەو بیانییانەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون، ئیسپانییەک و سێ ژنی فەرەنسی و دوو ئەڵمانی و دوو ئیتاڵی و بەریتانییەک بوون، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە فاکەڵتی یاسا لە ئەسینا نەبووە.

 

جگە لە بزووتنەوەی لایەنگری فەلەستین لە ناو کەمپەکانی کۆلێژەکانی ئەمریکا، خوێندکاران کۆنترۆڵی بیناکانی زانکۆیان لە ئەوروپا بە تایبەت لە پاریس و بەرلین و سویسرا کرد، کە هەندێکیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردنی یاساوە چۆڵکران.