داوای لێکۆڵینەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کەرتی غەززە دەکرێت

 نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی هەردوو نەخۆشخانەی شیفا و ناسر كە دوو گەورەترین كۆمەڵگەی پزیشكین لە كەرتی غەززە، دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامی هەیەو تا  ئێستا ٣٤ هەزار کەس کوژراون کە نزیکەی ١٤ هەزاریان منداڵن، هەروەها زیاتر لە ٧٧ هەزار کەسیش برینداربوون و ٧ هەزار تەرمیش هێشتا لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە و دەرنەهێدراون.

 

ڤۆڵكەر تورك، كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی داواكارییەكیان بۆ لێكۆڵینەوە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی غەززە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: دوای وێرانكردنی نەخۆشخانەكانی غەززە، داوای لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی نەخۆشخانەی "شیفا" و نەخۆشخانەی "ناسر" دەكەین، چونکە پێویستە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ و كاریگەر سەبارەت بەو گۆڕە بەکۆمەڵانە ئەنجام بدرێت.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، دوای كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی خان یونس لەم هەفتەیەدا گۆڕی بە كۆمەڵ لە نەخۆشخانەی خان یونس دۆزرایەوە، هەروەها هەواڵەكان باس لەوە دەكەن، كە دوای ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی ئیسرائیل ژمارەیەك تەرم لە نەخۆشخانەی شیفا دۆزراونەتەوە.

 

لە ئێستادا ئیسرائیل ئامادەكاریی بۆ هێرشكردنە سەر شاری ڕەفەح دەكات، نەتەوەیەكگرتووەكان و زۆربەی وڵاتانی جیهان هۆشداریی ڕوودانی كارەساتێكی گەورە دەدەن، چونكە ڕەفەح كۆتا پەناگەی ئاوارەكانی غەززەیە.