ساڵانە ملیۆنان گوێدرێژ بۆ دروستکردنی دەرمان دەکوژرێن

بەهۆی بازرگانی جیهانی بە پێستی گوێدرێژەوە، دزینی گوێدرێژ لە زۆربەی ناوچەکانی ئەفریقا و لە بەشەکانی دیکەی جیهاندا بەربڵاو بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

چارەسەرێکی پزیشکی نەریتی لە وڵاتی چین، کە لە پێستی گوێدرێژ دروستدەکرێت و پێی دەوترێت ئیجا، لە ئێستادا خواست لەسەری زۆرە و پێیان وایە چارەسەرەکە تایبەتمەندی تەندروستی و پاراستنی گەنجانی هەیە، بۆ ئەم مەبەستە پێستی گوێدرێژ دەکوڵێندرێت بۆ دەرهێنانی جیلاتین و دەکرێت بە پاودەر، حەب و شروب یان زیاد دەکرێت بۆ خواردن.

 

بە پێی ڕاپۆرتێکی نوێ، کە لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە هەڵمەتی دژ بە بازرگانیکردن بە گوێدرێژەوە دەکرێت، مەزەندەی ئەوە دەکات کە ساڵانە لانیکەم ٥.٩ ملیۆن گوێدرێژ لە جیهاندا سەردەبڕدرێن و خواست لە سەریشی لە زیادبووندایە.

 

لە ئەفریقا، کە نزیکەی دوو لەسەر سێی ٥٣  ملیۆن گوێدرێژی جیهان تێیدا دەژین، لە هەندێک وڵاتیدا یاساییە هەناردەی پێستی گوێدرێژ بکرێت، لە هەندێک وڵاتی دیکەشدا بە نایاسایی دانراوە، لە هەندێک وڵاتدا یاساییە و لە هەندێکی دیکەش نایاساییە، بەڵام بەرزی خواست و بەرزبوونەوەی نرخی پێستەکەی دەبێتە هۆی دزینی گوێدرێژەکان.

 

لە وەڵامدانەوەی کەمبوونەوەی ژمارەی گوێدرێژەکان، حکومەتی هەموو ویلایەتەکانی ئەفریقا و حکومەتی بەڕازیل ئامادەی قەدەغەکردنی سەربڕین و هەناردەکردنی گوێدرێژن و چاوەڕوان دەکرێت بەمزووانە خاڵێکی وەرچەرخان ڕووبدات.

 

بەرهەمهێنەرانی ئیجا ئەو پێستی گوێدرێژانەیان بەکاردەهێنا کە لە چینەوە هاوردە دەکران، بەڵام بە گوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ و کاروباری گوندەکان، ژمارەی گوێدرێژەکان لە وڵاتەکەدا لە ساڵی ١٩٩٠ کە ١١ ملیۆن بووە بۆ کەمتر لە دوو ملیۆن لە ساڵی ٢٠٢١ دابەزیوە.

 

لە ئەسیوپیا، کە بەکارهێنانی گۆشتی گوێدرێژ قەدەغەیە، بەهۆی خۆپیشاندانە گشتییەکان و ناڕەزایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یەکێک لە دوو سەربڕینخانەی گوێدرێژ لە وڵاتەکەدا لە ساڵی ٢٠١٧دا داخرا.

 

وڵاتانی وەک تەنزانیا و کەناری ئایڤۆر لە ساڵی ٢٠٢٢دا سەربڕین و هەناردەکردنی پێستی گوێدرێژیان قەدەغە کرد، بەڵام پاکستانی دراوسێی چین ئەو بازرگانییە قبوڵ دەکات، لە کۆتایی ساڵی ڕابردووشدا یەکەم "کێڵگەی فەرمی زاوزێی گوێدرێژ" لە وڵاتەکەدا لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە.