لە دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس ٩ هەزار منداڵ لە غەززە گیانیان لەدەستداوە

بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، نزیکەی ٩ هەزار منداڵ و ٥ هەزارو ٣٠٠ ژن لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی دژ بە کەرتی غەززە کە ئێستا لە چوارەم مانگیدایە، بارودۆخی مرۆیی خراپتر کردووە دوای ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامدراون کە تێیدا ئیسرائیل یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و هەزاران کەسیش ئاوارەبوون.

 

وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ەوە لانیکەم ٩ هەزار منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

 

وەزارەتەکە لە ڕاپۆرتێکی ورددا ڕایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە ٥ هەزارو ٣٠٠  ژن گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٧ هەزار کەس هێشتا بێسەروشوێنن لەژێر داروپەردوو وێرانەکاندا و ٨٥%ی دانیشتوانی غەززە بەزۆر ئاوارە بوون، لەگەڵ نزیکەی ١.٢ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی لە ١٥٤ دامەزراوەی UNRWA لە سەرانسەری کەرتەکەدا تۆمارکراون، نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ٩٤  پەناگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشوور تۆمارکراون.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی ٥٢ هەزار ژنی دووگیان لە کەرتی غەززە هەن، کە ڕۆژانە نزیکەی ١٨٣  منداڵ لەدایکبوون، لە کاتێکدا ٥ هەزارو ٥٠٠ منداڵ لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لەدایکبوون، هەروەها ١٣٠ منداڵی نەبەکام لەژێر ئامێرە کارەباییەکاندان.