حەسەکە، ژنانی ئاوارە لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان بێبەشن

ژنانی ئاوارە لە کامپی واشۆکانی لە پارێزگای حەسەکە جەختیان لەوە کردەوە، سەرەڕای بارودۆخی سەختی ژیان لە چادردا بەردەوامن لە ژیان و بەهیوای گەڕانەوەن بۆ ماڵ و شوێنی خۆیان.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- ژنانی ئاوارە دوای داگیرکردنی سەرێکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیەوە لە کامپی واشۆکانی لە شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێبوون، بەهۆی نەبوونی دامەزراوەی تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی ژیان بوونەتەوە.

 

عایشە حەسەن، ژنێکی ئاوارەی گوندی عامریە، دایکی ٧ منداڵە، وتی: ئێمە چوار ساڵ لەمەوبەر لە گوندەکەمان ئاوارە بووین لە کاتی داگیرکردنی سەرێکانی و بە ئامانجکردنی گوندەکانی دەوروبەری، لەگەڵ ٧ منداڵەکەم و هاوژینەکەم و دایکی لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا بووین و لە هەموو لایەکەوە بۆردومان دەکراین، ئێمە شارەکەمان جێهێشت، پێمان وابوو چەند ڕۆژێکی ماوە و دەگەڕێینەوە ماڵەوە، بەڵام نەماندەزانی ئەوەندە لە کامپدا دەمێنینەوە.

 

"خۆبەڕێوەبەری پیداویستییەکانی دابین کردین"

عایشە حەسەن وتی: کاتێک پەنابەر بووین لە کامپی واشۆکانی، خۆبەڕێوەبەری خۆراک و جلوبەرگ و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکەی پێداین، بەڵام ڕێکخراوەکانی ناو کامپەکە شکستیان هێنا لەوەی یارمەتیمان بدەن، لەگەڵ ١٠ کەس لە هەمان چادردا دەژین، پشت بەو یارمەتییە کەمانە دەبەستین کە پێمان دەدرێت، چونکە هاوژینەکەم  بێکارە، ئێمە لەم بارودۆخە ماندوو بووین و نازانین بۆ کوێ بڕۆین و چی بکەین.

 

ئامینە ئەحمەد، ژنێکی ئاوارەی گوندی لیلیانە، لەگەڵ ٥ منداڵەکەی و هاوژینەکەی لە کامپی واشۆکانی دەژی، وتی: ژنان زۆرترین ئازار دەچێژن لە کامپەکاندا لەبەر ئەوەی کامپەکە تایبەتمەندییەکی کەمی هەیە، چونکە گەرماوەکان هاوبەشن، چادرەکان لە تەنیشت یەکن و ئاسوودەیی بوونی نییە، ئێمە هەمیشە هەوڵ دەدەین پێداویستییە سەرەتاییەکان دابین بکەین.

 

ئاماژەی بە شکستی ڕێکخراوەکانی ناو کامپەکە کرد لە دابینکردنی یارمەتی بۆیان، وتی: ڕێکخراوەکان یارمەتی پێویستمان پێ نادەن، بۆیە ئێمە بەدوای کارێکدا دەگەڕێین بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ڕۆژانەمان، بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی تێیدا دەژین، زۆرجار دەبێتە هۆی تێکچوونی خێزانەکان و کۆمەڵگە.

 

خەڵات خەلیل ژنێکی ئاوارەی دیکەیە و وتی: ئێمە ماڵ و موڵکەکانمان لە دوای خۆمان بەجێهێشت دوای داگیرکردنی شارەکەمان لەلایەن تورکیاوە و بەبێ ئەوەی بزانین بۆ کوێ دەڕۆین، ئەمڕۆ لە کامپی واشۆکانی لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین، بەبێ ماندووبوون بەرگەی گەرمای هاوین و ساردی زستان دەگرین لە یەک چادری بچووکدا و بەردەوامین لە بەرخۆدان هەتا دەگەڕێینەوە خاکەکەمان.

 

کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لە کوێیە؟

خەڵات خەلیل وتی: ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر کردارەکانی تورکیا دژ بە خەڵکی سەرێکانی هەر لە ئاوارەبوون و داگیرکردن و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و تاڵانکردن و دزینی ماڵەکانمان لە کوێن؟ بەڵام ئێمە بەرخۆدان دەکەین هەتا شارەکەمان ئازاد دەکرێت.