پەیمان عیزەدین: ئەم کۆمەڵگەیەمان چەند لە پاشەکشێدایە

پارێزەرو چالاکوان پەیمان عیزەدین ڕەخنە دەگرێت لەوەی سەرەڕای کارکردن لەسەر ماف و ئازادییەکان، بەڵام کۆمەڵگە لە پاشەکشێدایە و گۆڕانکاری ڕووینەداوە.

سلێمانی

 

پەیمان عیزەدین، پارێزەر و چالاکوان لە نووسینێکیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: ئەوەی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا کاری کردبێت، بەتایبەت لەسەر ماف و ئازادییەکان، ئەو ڕاستیە دەزانێت کە زۆرترین قسە و ڕەخنەی جددی لەو ساڵانەدا بوو، دیندارەکان و بێدینەکان، چەپ و ڕاست، زۆرترین بابەت و وتاریان بڵاودەکردەوە، کۆڕ و سیمینارە فیکریەکان هەر لەو سەردەمەدا گەرموگوڕ بوون، بەڵام هیچ کات ئاستی گفتوگۆکان بۆ ئەم نزمیەی ئێستا دانەبەزیبوون".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکان کە ڕێکخراوەکانی ژنان پڕۆژەی خۆیان ئامادە کردبوو بۆ گۆڕینی یاسای باری کەسێتی، لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی پڕۆژەکانیان پێشکەشکرد، ئەو کاتە چەپەکان لە تێڕوانینی خۆیانەوە ماددەکانی باری کەسێتیان داڕشتبووەوە ئیسلامیەکانیش بەهەمان شێوە، وتیشی: گفتوگۆی توندیشمان لە نێواندا هەبوو، بەڵام هیچ کات ئاستی گفتوگۆکان نەگۆڕان بۆ هەڕەشە و جنێو و ناوزڕاندن".

 

لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەڵێت: ئیتر خۆی مانای ئازادی ڕادەربڕینیش ئەمەیە، نەک وەک ئێستا کە ئازادیەکان بەمەرجن، ئیسلامیەکان ئازادی لە چوارچێوەی دەقە ئاینیەکاندا دەبیننەوە و دەرەوەی ئەوە شایانی ڕاگرتن و سوکایەتیپێکردن و تەکفیرکردنە، هەرچی بەرەی دژە ئاینیشە ئازادی ڕادەربڕین لە چوارچێوەی نابودکردن و سوکایەتیکردن بە ئاین دەبینن، لە دەرەوەی ئەوە کۆنەپارێزی و تیرۆر و تۆقاندنە، کە بەداخەوە هەردوو بەرەکە بە دوو ئاڕاستەی جیاواز هەمان تێگەیشتنیان هەیە بۆ ئازادی ڕادەربڕین".