فۆزا یوسف: مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو دەبێت
فۆزا یوسف، ئەندامی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان قەسەدە و ئیدارەی کاتی سووریا، هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەپارێزێت، هیچ کەسێک لە ڕێگەچارە دەرناچێت.

ناوەندی هەواڵ
لە ١٠ی ئادار ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و ئیدارەی کاتی سووریا واژۆ کرا، ڕێککەوتنەکە لە ٨ خاڵ پێکهاتبوو و تێیدا هاتبوو کە هەموو مافە دەستوورییەکانی کورد دەستەبەر دەکرێن، لە هەمانکاتدا مافی نوێنەرایەتی و بەشداریکردنی هەموو سوورییەکان بەبێ گوێدانە ئایین و نەتەوەو پێکهاتە دەستەبەر دەکرێت.
فۆزا یوسف، ئەندامی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە هیچ کەسێک لە چارەسەرکردنەکە دەرناچێت.
فۆزا یوسف ئاماژەی بەوەدا کە لە ڕێککەوتنەکەدا بنەما سەرەکییەکانی داناوە و وتی: جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکرێتەوە کە دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و دەبێت دەستبەرداری سیاسەتی نکۆڵی بێت، هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئێمە بەشێکین لە خاکی سووریا و ڕێگای چارەسەر لە ڕێگەی دەستوورێکی دیموکراسیەوەیە، بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، ئەو لیژنانەی کە پێکدەهێندرێن تاوتوێی وردەکارییەکان دەکەن.
"مافەکانیان پارێزراو دەبێت"
فۆزا یوسف سەرنجی بۆ خاڵی دووەمی ڕێککەوتنەکە ڕاکێشا، کە گەلی کورد وەک گەلی ڕەسەنی سووریا پێناسە دەکات و باس لەوە دەکات کە دەبێت لە دەستووردا مافەکانی گەلی کورد زامن بکرێت، ئەمە بە واتای قبوڵکردنی بوونی کوردە، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕەتکرایەوە، سەبارەت بە پرسی ناسنامە، بە دڵنیاییەوە پێویستە ئەمە بخرێتە ناو دەستوورەوە کە لە داهاتوودا دەنووسرێت، دۆخی هەموو کەسانی بێ ناسنامە لەبەرچاو بگیرێت و مافەکانیان پارێزراو بێت.
چالاکی بۆ ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی
فۆزا یوسف بەبیریهێنایەوە کە عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی ساڵانێکی زۆرە داگیرکراون و وتی: کار بۆ گەلەکەمان لە عەفرین و سەرێکانی و گیرێ سپی دەکرێت، دەبێت گەرەنتی بۆ گەڕانەوەیان دابین بکرێت و لە کاتی گەڕانەوەیاندا دەبێت کۆتایی بە هەموو کردەوەکانی جینۆسایدی نەتەوەیی و کولتووری بهێندرێت، ئەم بابەتە لەگەڵ هەردوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) و حکومەتی کاتی سووریا تاوتوێ دەکرێت، پێویستە خەڵک بە شێوەیەکی ڕێکخراو بگەڕێتەوە سەر خاکەکەی.
"نابێت هیچ لایەنێک لە چارەسەرکردن بەجێبهێڵدرێت"
فۆزا یوسف تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژییەکانی دژی کۆمەڵگەی عەلەوی و شەرمەزاری کردو وتی: ئەم ڕێککەوتنە هیچ پەیوەندییەکی بە دۆخی کەناراوەکان و عەلەوییکانەوە نییە، خاڵی یەکەمی ڕێککەوتنەکە جەخت لەسەر پێویستی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان لە بونیادنانی داهاتووی سووریا دەکاتەوە، کۆمەڵگەی عەلەوییش بەشێکە لەم کارە، جگە لەوەش هەڵوێستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەدژی ئەم کۆمەڵکوژییانە ڕوونە، ئەمڕۆ دەیان هەزار کەس لێرەدا کۆمەڵکوژییەکانی دژی عەلەوی شەرمەزار دەکەن، نابێت هیچ لایەنێک لە چارەسەرەکە بەجێبهێڵدرێت.
"بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەموو هێزەکانی ناوچەکەی ناچار کرد بگۆڕدرێن"
لە کۆتاییدا فۆزا یوسف باسی لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و بەم شێوەیە وتی: بێگومان بانگەوازەکەی ڕێبەر ئۆجالان کاریگەری لەسەر دۆخی سووریا هەیە، چونکە بانگەوازەکەی نەخشەی ئەم سەدەیە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەرکەسێک پێداگری لەسەر سیاسەتی شەڕ بکات، تەرکیزی لەدەست دەدات، ئەم بانگەوازە هەمووان بانگهێشت دەکات بۆ ڕێگای چارەسەر، بۆیە دەتواندرێت بڵێین بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئەو چەقبەستووییەی ئێستای کردەوە و هەموو هێزەکانی ناوچەکەی ناچار کرد گۆڕانکاری بەسەردا بێت.