فیلمێکی کوردی پلەی سێیەمی لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بەدەستهێنا

فیلمی دیکیۆمێنتاری "فەیمە کۆچەری؛ ئەو ژنەی تەنهایی هەڵیبژاردووە" لە کۆی ٣٥٤ فیلم لە ئاستی نێودەوڵەتییدا توانی پلەی سێیەم لە خولی شەشەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئاشتی ئوردن بەدەستبهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بە ناونیشانی “ئوردن لە چاوی جیهاندا” خولی شەشەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئاشتی ئوردن بەڕێوەچوو و دوای نمایشکردنی سەرجەم فیلمەکان باشترین فیلمەکان هەڵبژێدران و خەڵاتیان بەسەردا دابەشکرا.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا ٣٥٤ فیلمی درێژ، فیلمی کورت، چیرۆکە فیلم، فیلمی دیکیۆمێنتاری و فیلمی مۆبایل لە ٢٢ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردبوو، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش تەنها فیلمی دیکیۆمێنتاریی “فەیمە کۆچەری؛ ئەو ژنەی تەنهایی هەڵیبژاردووە” بەشداریی تێداکردبوو.

 

فیلمەکە ماوەکەی نزیکەی ١٠ خولەکەو لە سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند “جومعە کەریم”ە و سەباح حسێن ئەرکی یاردەدەری دەرهێنەری لەسەر شان بووە، هەروەها باران گەرمیانی کاری ڕەنگ و مۆنتاژی بۆکردووە.

 

دیکیۆمێنتارییەکە باس لە سەرگوزەشتەی ژیانی ژنێکی گەرمیانی دەکات بە ناوی “فەیمە” و ناسناوی “کۆچەری” کە ٥٣ کەس لە خانەوادەکەی شەهیدبوون یان زیندەبەچاڵکراون و ئێستا کەسی بۆ نەماوەتەوە جگە لە چەند سەر مەڕ و مریشک و قازەکانی.

 

هەروەها لە پێشەکی و پاشەکی دیکیۆمێنتارییەکەدا سوود لە دەنگی هەریەک لە مەقامبێژانی گەرمیان "محەمەد باڵەبان و حسێن قادرکەرەمی"یە.

 

دوای پێشکەشکردنی سەرجەم فیلمەکان لە فێستیڤاڵەکەدا، فیلمی دیکیۆمێنتاری "فەیمە کۆچەری؛ ئەو ژنەی تەنهایی هەڵیبژاردووە" توانی پلەی سێیەم بەدەستبهێنێت.

 

جومعە کەریم، هونەرمەند و دەرهێنەری دیکیۆمێنتارییەکە لە بارەی بەدەستهێنانی پلەی سێیەمەوە ڕایگەیاند، ئامانجمان گەیاندنی ئێش و ناسۆرەکانی گەلی کوردە بە جیهان کە بەدەستی ڕژێمی بەعس چەشتوونی و گرنگە هونەرمەندان لە ڕێگەی فیلمەوە بتوانن ببنە ئەو دەنگەکەی کە بوارەکانی دیکە ناتوانن بیگەیەنن بە جیهان.