حکومەتی تورکیا کێڵگە کشتوکاڵییەکانی مەنبجی سووتاند

سوپای تورکیا و چەتەکانی سەر بە تورکیا، کێڵگە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی ڕۆژئاوای مەنبجیان سووتاند.

مەنبج

 

ناوەندی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبج لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سوپای تورکیا و چەتەکانی سەر بە ئەنجومەنی سەربازیی تورکیا ئاگریان لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی ڕۆژئاوای کانتۆنی مەنبج بەرداوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتژمێر ٠٢:٠٠ی بەیانی تا کاتژمێر ٠٥:٠٠ سوپای تورکیا و بەکرێگیراوەکانی ئاگریان لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی ئەل ئولشلی و گوندی ئەل بوگاز لە ڕۆژئاوای کانتۆنی مەنبج بەرداوە، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئاگرەکە دەست پێبکات و تەشەنەی بکات بۆ زۆربەی کێڵگە کشتوکاڵییەکان و ئاگرێکی گەورەی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.