فەرماندەی یەپەژە: دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان دەپارێزین

زۆزان بروسک، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە هێرشە قڕکەرەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربڕی و وتی : وەک سوپایەکی ژنان ئەم هێرشانە دژی شۆڕش و دەستکەوتەکانمان دەبینین، لە هێڵەکانی پێشەوە تێدەکۆشین.

بەرچەم جودی

 

ڕەققە- لە ٤ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هێرشێکی گەورەیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردو هێرشەکانیان چڕ کردەوە، خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، ئەو هێرشانەی لە ٤ تا ٩ی تشرینی یەکەم کران، ١٠٤ شوێنی کارەبا، گاز، ئاو و نەوت و تەندروستی وێرانکران و ئێستا زۆربەیان بۆ خزمەتگوزاری گونجاو نین، هەروەها ٤٤ کەس شەهیدبوون و ٥٥ کەسیش برینداربوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن.

گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵوێستێکی بەهێزیان لە دژی ئەو هێرشانە گرتووەتەبەر، هەروەها هێزەکانی سوریای دیموکراتیک "قەسەدە" دەیان چالاکی تۆڵەسەندنەوەیان ئەنجامداوە.

لەو چوارچێوەیەدا، زۆزان بروسک فەرماندەی یەپەژە هەڵسەنگاندنی کرد.

 

"هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ئاستی قڕکردندان"

زۆزان بروسک لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە پێشکەوتنی شۆڕشی ژنان کرد و وتی: شۆڕشەکەمان بە ئاسانی دامەزرا، بە کارێکی سەخت و قورس گەیشتە ئەم قۆناغە، هەروەها بە سایەی ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە ڕێبەر ئاپۆو میراسی شەهیدان پێشکەشی کردین، شۆڕشی ژنان بوێرییەکی گەورەی لە ئێمەدا دروستکردووە بۆ تێکۆشان دژی ئەو ستەم و هێرش و کۆمەڵکوژییانەی کە ڕووبەڕووی ژنان و گەلەکەمان دەبنەوە، بۆیە ئاگاداری ئامانجی چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورکین، بە تایبەتی، ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە مەنبج، دێرەزۆر و عەین عیسا، کە دەزاندرێت لەژێر تاریکی داعشدا بوون، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت سەرلێشێواوی دروست بکات، ئێستا هەماهەنگی هەیە لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی داعش، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو هێرشانە لە هەرێمەکانمان لە دەستی ئەو دوو هێزەدان، بە دڵنیاییەوە گەلەکەمان، بەتایبەت ژنان، ئاگاداری ئەم کێشەیەن، بۆیە هێرشەکانی ئێستا ناتواندرێت وەک هێرشێکی ئاسایی سەیر بکرێن، ئەو ڕێگایانەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بەکاریان دەهێنن لە دەرەوەی ئەخلاق و پرەنسیپەکانی شەڕن و لە ئاستی قڕکردندان.

 

"دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەمان ڕێپێوانی هەموو ژنانی ڕووناک کردەوە"

زۆزان بروسک ئاماژەی بەوەشکرد، دەستکەوتەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوونەتە سەرچاوەی خەبات بۆ هەموو ژنان و وتی: ئێستا لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ڕاپەروین، مرۆڤ دەتوانێت ڕەوشی ژنانی سوەیدا وەک نموونەیەک ببینێت، ژنانی سوەیدا بە ورەیەکی زۆرەوە لە دژی ڕژێم ڕاپەریون و داوای ئازادی دەکەن، ئەم هێز و ئیرادەیە لە خۆیەوە نەهاتووە، بۆچی پێش شۆڕش شتێکی لەو شێوەیە نەبووە، ئەگەر ژنان شۆڕشیان نەکردایە و لە دژی هەموو جۆرەکانی قڕکردن و هێرش شەڕیان نەکردایە، ئەوا ئەمڕۆ نەیاندەتوانی بە بوێرییەکی زۆرەوە باسی ئازادی بکەن، سڵاو لە خەباتی ژنان دەکەین بۆ ئازادی، هەروەها پشتیوانییان لێدەکەین و دەبینە بەشێک لە خەباتیان.

 

"بە دڵ و گیان شۆڕشەکەمان دەپارێزین"

لە کۆتایی قسەکانیدا زۆزان بروسک، فەرماندەی یەپەژە ئاماژەی بەوەکرد، لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگدا تۆڵە لە ژنان و منداڵان دەکەنەوەو وتی: دەوڵەتی تورکیا ژمارەیەکی زۆر منداڵ و ژنی کوشتووە لە کاتی بۆردوماندا بە تایبەتی لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە، بە تایبەتی لە ناوچەی عەین عیسا، منداڵانی تەمەن ٩ بۆ ١٠ ساڵ و ژنان ڕاستەوخۆ کرا بە ئامانج. وەک یەپەژە کۆمەڵکوژی ژنان وەک هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خۆمان دەبینین، دەیەوێت بەو شێوەیە شۆڕش و دەستکەوتەکانی ژنان تێکبشکێنێت، وەک یەپەژە، سوپا و باوەڕمان بە پاراستنی ژنان هەیە، بەهۆی ئەو ڕۆڵەی کە دەکەوێتە سەر شانمان، لە هەموو بەرەکانی جەنگدا بە هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانەوە شوێنی خۆمان گرتووە، بوون و دەستکەوت و شۆڕش و ژنان دەپارێزین و بەڵێنمان بە ژنان و گەلەکەمان داوە لە هەموو بارودۆخێکدا بەڵێنەکەمان جێبەجێ دەکەین، لە پرۆسەیەکی وەهاداین کە پێویستە هەموو کەسێک لە دەوری ئەم شۆڕشەدا کۆببنەوە، بۆیە داوای هەموو ژنان دەکەم ببنە بەشێک لەم شۆڕش و بەرخۆدانە.