وەرزشکارێکی ئەفغانی دروشم دژی تاڵیبان بەرز دەکاتەوە

وەرزشکارێکی ئەفغانستان کە بەشداری پاڵەوانێتییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس بوو، دروشمی دژی تاڵیبان بەرز کردەوەو داوای مافە سەرەتاییەکانی بۆ ژنانی ئەفغانستان  کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

کیمایا یوسفی، وەرزشوانی ئەفغانی کە لە ئۆڵۆمپیادی پاریسدا بەشداری لە پاڵەوانێتی ڕاکردنی ١٠٠ مەتری کرد، پاش تەواو بوونی کێبڕکێکە پەیامێکی بەرزکردەوە بۆ دەسەڵاتدارانی تاڵیبان و تێیدا داوای مافەکانی بۆ ژنانی ئەفغانی کرد.

 

پەیامەکەی کیمایا یوسفی، کە لەسەر کاغەزێک نووسیبووی "خوێندن، وەرزش؛ لە مافەکانمانە" نادادپەروەریی و فشارانەی نیشانی جیهان دا، کە ژنانی ئەفغانی تێیدا دەژین و جەختی کردەوە ئامانجی لە بەشداریکردنەکە گەیاندنی دەنگی ژنانی وڵاتە داگیرکراوەکەیەتی.

 

کیمیا یوسفی وتی: من بۆ خاکێک تێدەکۆشم کە چەتەکان داگیریان کردووە، لە ئەفغانستان هیچ کەس ئەوان بە حکومەت دانانێت، کاتێک گەلەکەم نەتوانن قسە بکەن، من لێرەوە قسەی هەمووان دەکەم.

 

کیمیا یوسفی بە ماوەی ١٣.٤٣ چرکە ماوەکەی تەواو کرد و پلەی کۆتایی بەدەستهێنا، بەڵام بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییەکە هەرگیز بۆ بردنەوە و بەدەستهێنانی مەدالیای ئاڵتوون نەبوو، بەڵکو بۆ بەرزکردنەوەی پەیامێک بوو بۆ داواکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژنانی ئەفغانستان.