ڕاپۆرتێک: زیاتر لە ١٢٠ خۆپیشاندەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چاویان لەدەستداوە

ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە زانکۆی بەرکلی پشتڕاستی کردەوە، زیاتر لە ١٢٠ کەس لە کاتی ڕاپەڕینەکەی ئەم دواییەدا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بیناییان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی مافەکانی مرۆڤی زانکۆی بەرکلی کە ناوەندێکی سەربەخۆی توێژینەوە و فێرکردنە تەکنیک و میتۆدی زانستی داهێنەرانە بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکارییە جدییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ.

 

سەبارەت بە زیانبەرکەوتووانی ڕاپەڕینەکەی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ سارا حسێن، پارێزەری بەنگلادیش ئەنجامدا کە سەرۆکی نێردەی نێودەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان.

 

ناوەندەکە ڕۆژی ٢٢ی ئادار پشتڕاستی کردەوە، زیاتر لە ١٢٠ کەس لە دوایین ڕاپەڕین ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ و بەئەنقەست لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، ئەو زیان بەرکەوتووانە یەک چاو یان هەردوو چاویان لەدەستداوە.

 

توێژەرانی ناوەندەکە ڕایانگەیاند، زیانبەرکەوتووانی ئەو هێرشانە خوێندکاری کوڕو کچ بوون و زۆربەی ئەو کەسانەی لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا زیان بە چاویان گەیشتووە تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵەوە بووە.

 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، یەکێک لە زیانبەرکەوتووان منداڵێکی کچی تەمەن پێنج ساڵان بووە کە لە باڵکۆنی ماڵەکەیەوە سەیری خۆپیشاندانەکانی سەر شەقامەکانی کردووە.

 

"ئامارەکان وەک بەڵگە بەکاردەهێندرێن"

ئەلێکسا کۆنیگ بەڕێوەبەری ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە زانکۆی بەرکلی وتی: ئەو ئامارانەی لەم ڕاپۆرتەدا پێشکەشکراون لەوانەیە لە کۆتاییدا وەک بەڵگە بەکاربهێندرێن بۆ دادگاییکردنی سەرکردەکانی ئێران و بریکارەکانیان لە دامەزراوە یاساییە نێودەوڵەتییەکاندا.

 

بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا دێت کە کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٨ی ئادار سەبارەت بە ڕاپەڕینەکەی ئەم دواییە کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس، ئێرانی تۆمەتبار کرد بەو توندوتیژییە جەستەییەی کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، هەروەها کردەوەکانی ڕژێمی ئێرانی دژی ژنان لە ئێران بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" پێناسە کرد.