فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە تەرتوس خۆی کێشا بە ماڵێکداو ژنێک گیانی لەدەستدا
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانێکی نەناسراو کە خۆی کێشا بە ماڵێک لە گوندی تەلیعی سەر بە ناوچەی سافیتا لە تەرتوس، ژنێک گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ
پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترسی فراوانبوونی ناوچەی ئامانجدار و زیانی گیانی زیاتر لە هەردوولا هەیە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی ١٥ی حوزەیران بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە پێدەچێت ئێرانی بێت، لە گوندی تەلیعی لە ناوچەی سافیتا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری تەرتوس کەوتە سەر ماڵێک، ژنێک برینداربوو دواتر گیانی لەدەستدا.
ئاسمانی سووریا هەڵکشانی بەرچاوی توندی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان فڕۆکەکانی ئیسرائیل و فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئێرانی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی هەردوولا مووشەکییان ئاڵوگۆڕ کرد، ئەمەش بووە هۆی کەوتنەخوارەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پاشماوەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە چەند ناوچە و شارێکی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی لە شارەکانی دەرعا و قنەیترە، بەتایبەتی لە باشووری سووریا، کە لە بەیانی دوێنێوە ٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەوتنەخوارەوەیان تۆمارکراوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.
پێشتر وەزیری باری نائاسایی سووریا هۆشداریی دایە دانیشتوان لە نزیکبوونەوە لە هەر کەلوپەلێکی نامۆ لە نێوان ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، داوای لێکردن نەچنە سەربانەکان بۆ چاودێریکردنی پێشهاتەکان و جەختی لەوە کردەوە کە دەست لێنەدرێت و مامەڵەکردن لەگەڵیان بۆ گروپە پەیوەندیدارەکان جێبهێڵدرێت، هەروەها داوای لە دانیشتووان کرد کە هەر پاشماوەیەکی گوماناوییان بینی دەستبەجێ ڕاپۆرت بکەن.