ژنانی باشووری کوردستان هەڵوێستی خۆیان دژی داخستنی سێ پارتی کوردی خستەڕوو
بەرەی ژنانی باشووری کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانیان هەڵسەنگاند و ڕایانگەیاند، لە دۆخی ناهەمواری عێراق و هەرێمی کوردستاندا، لە بری پێویستی دیتنی هەماهەنگی پارت و لایەنە سیاسییەکان، بەڵام عێراق بڕیاری داخستنی سێ پارتی کوردی دەدات
سلێمانی
بەرەی ژنانی باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان لە بارەی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، لە دۆخی ناهەمواری عێراق و هەرێمی کوردستاندا، لە بری پێویست دیتن بۆ دروستکردکردنی هەماهەنگییەک لە نێوان پارت و لایەنەکان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئەو کێشە و باردودۆخە نەخوازراوە پڕ لە کێشەیە، دادگای فیدڕاڵی هەڵدەستێت بە دەرکردنی بڕیارێکی نادادپەروارانە و ناپێویست کە خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی سێ پارتی کوردی دا دەبینێتەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوی بەرەی ژنانی باشووری کوردستان؛
لەکاتێکدا کە عێراق و هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناهەمواری پڕ لە کێشە و ئاریشەی جۆراوجۆردا تێپەڕ دەبن، لە بری پێویست دیتن بۆ دروستکردکردنی هەماهەنگییەک لە نێوان پارت و لایەنەکان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئەو کێشە و باردودۆخە نەخوازراوە پڕ لە کێشەیە، دادگای فیدڕاڵی هەڵدەستێت بە دەرکردنی بڕیارێکی نادادپەروارانە و ناپێویست کە خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی سێ پارتی کوردی دا دەبینێتەوە، ئەوانیش (پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی/پادێ، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان)ن.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵ لە کاتێکدا دێت، کە لە ماوەی ڕابردوو هەریەکە لە وەزیری دەرەوە و وەزیری ناوخۆی تورکیا و ئەردۆغانیش سەردانی عێراقیان کرد، ئامانجی ئەو سەردانانەیان لە دەرکردنی وەها بڕیارێک و کردەوە دژەکانی حکومەتی عێراق و بێ هەڵوێستییەکەی لەبەرامبەر ئەو هێرشە داگیرکارییانەی تورکیا کە لە کۆتایی مانگی حوزەیران و سەرەتای مانگی تەمموز دەستی پێکردووە و بەردەوامە، زۆر بە ڕوونی ڕەنگ دەداتەوە، ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە عێراق خاوەنی ئیرادەیەک نییە کە (نا) بۆ تورکیا بکات و ئامادەیە لەپێناو چەند خاڵێکی ئەو ڕێککەوتنانە کە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراون، سەروەری خاکەکەی و شکۆی وڵاتەکەشی بخاتە ژێر پێ.
لە هەموو بارێکدا دەرکردنی وەها بڕیارێک ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین کە پارتی دیموکراسی و ئازادی ئێزدییان زادە و هەڵقوڵاوی ئیرادەی گەلی ستەمدیدەی ئێزیدییە و بۆ لەسەرپێ مانەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی دوای ٧٤ جینۆساید و شکستپێهێنانی ئەو پلانە بەردەوامانەیە، کە دژی ئێزدییەکان و سیستەمی خۆبەڕێوەبەرییان لە ئارادان، دەرکردنی وەها بڕیارێک ئەبێ کۆمەڵگەی ئێزدی سوورتر بکات لەسەر مافی خۆبەڕێوەبەرێتی و دروستکردنی ستاتۆیەک کە ببێتە بناغەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکرات، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیش کە ساڵانێکە لە باشووری کوردستان وێرای هەموو هەڕەشە و ئاستەنگییەک، بە مۆدێلێکی نوێ و جیاواز لە پارتە سیاسییەکانی باشوور درێژەی بە خەبات و تێکۆشان دا، سڵی لە هیچ بەربەستێک نەکردەوە، سەرەڕای هەموو هەوڵێک نەبووە داردەستی هیچ لایەنێک، وەکو پارتێکی سەربەخۆ بۆ بونیادنانی سیستەمێکی نوێی دیموکراسی لەباشووری کوردستان هەموو هەوڵێکی دا، ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو لە جومگە سەرەکییەکانی ئەو پارتە نموونەی هاوسەرۆک جێیان گرت، بەمەش دەتوانین بڵێین تاکە پارتە لە مێژووی باشووری کوردستاندا، کە بەم مۆدێلە نوێ و جیاوازە بێتە ناو گۆڕەپانی تێکۆشانەوە، لەبەر ئەو هۆیانەشە کە ئەم بڕیارە بە دژی ژنان و هەموو تاکێکی ئازادیخواز دەبینین.
هەروەها بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی، کە پارتێکی ڕەسەنی عێراقییە و لە لانکەی ئەم وڵاتەدا سەریهەڵداوە و شانازی بە پەیوەستبوونی بەم خاکەوە دەکات، هەڵگری پڕۆژەیەکی نیشتمانی گەورەیە کە ئامانجی بەدیهێنانی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانییە بۆ هەموو گەلی عێراق و چەسپاندنی بنەماکانی یەکڕیزی نیشتمانی، و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو پڕۆژانەیە کە هەوڵی دابەشکردنی پەیکەری کۆمەڵایەتی عێراق دەدەن، پارتەکە باوەڕێکی پتەوی بە پێکەوە ژیان و ئاشتی مەدەنی هەیە و ئازادی ژن یەکێکە لە بنەماکانی پارتەکە.
بۆیە داوا لە هەموو ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران، پارت و لایەنە سیاسی و سەربەخۆکان دەکەین، بەتوندی دژی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵ بوەستنەوە، بۆ ئەوەی سەرنەکێشێتە بڕیاری بێ بنەماتر لە ئایندەدا، دەبێت ئەو بێدەنگییەی کە هەیە هەم لەسەر ئاستی تاک هەم لەسەر ئاستی گشتی بشکێنرێت، هەمووان یەک دەنگ بین و هەڵوێستی ڕژدمان هەبێت، چونکە دەزانین کە ئەو بڕیارە لەناوەڕۆکدا زۆر شت هەڵدەگرێت و لە خۆگری چەندین پەیامی نەرێنی مەترسیدارە و بڕیاڕێکە لە چوارچێوەی خواستی داگیرکەران دایە و شوێنی ئەو بڕیارە دەرەوەی عێراقە نەک عێراق خۆی.
جارێکی تر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ پارتە کوردییەکە شەرمەزار دەکەین و داوای هەڵوێستی جددی لە هەموو تاک و لایەنێکی ئازاد و خاوەن ئیرادە دەکەین.