"لە ئەفغانستان ژنانی زیندانیکراو ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە"
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن تاڵیبانەوە لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تا ئابی ٢٠٢٤ لە ئەفغانستان بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوەکراوە، توندوتیژی دژی ژنان زیادی کردووە و ژنانی ناو زیندانەکان ئەشکەنجە دەدرێن.
ناوەندی هەواڵ
تاڵیبان کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەستی بەسەر حکومەتی ئەفغانستاندا گرتووە، بارودۆخی ژیانی ژنان خراپتر دەکەن، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ی تشرینی یەکەمدا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تا ئابی ٢٠٢٤ بڵاوکردەوە.
"ژنان لە کاتی دەستبەسەرکردندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە"
لە ڕاپۆرتەکەدا کە لە ٢٣ فایل پێکهاتووە و لەلایەن ڕیچارد بینێت، ڕاپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان ئامادەکراوە، تێیدا هاتووە: زۆر نیگەرانین لەو توندوتیژییە سێکسییانەی کە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا دژ بە ژنان دەکرێت، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤دا تاڵیبان توندوتیژی زایەندی دژی ئەو ژنانە بەڵگە کردووە کە بەبیانووی لەبەرکردنی حیجابێکی 'نەگونجاو' و 'خراپ' دەستگیرکراون، ئەو ژنە دەستبەسەرکراوانە لەکاتی بردنیان بۆ بنکەی پۆلیس، لێدان و دەستدرێژی زارەکی و دەستدرێژی زایەندییان کراوەتە سەر.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: بەهۆی چەشنە ڕەگەزییەکانی کۆمەڵگەو قسەی ناخۆش و بەتایبەتی بەهۆی تاوانبارکردنی قوربانییەکان، ژنان لە بەرامبەر دەستدرێژی و تاوانە زایەندییەکان بێدەنگن، سنووردارکردنی جموجۆڵی ژنان قوربانیانی توندوتیژی زایەندی لە چاودێری دەروونی و تەندروستی بێبەش دەکات.
توندوتیژی لە ئێستادا دژی ژنان زیادی کردووە
ڕیچارد بینێت لە ڕێگەی ڕاپۆرتەکەوە ئاماژەی بەوەکردووە، نیگەرانن لە زیادبوونی توندوتیژی خێزانی، لەوانەش توندوتیژی دژی ژنان، ئاستێکی بەرزی توندوتیژی زایەندی هەیە، بەڵام لە سەردەمی تاڵیبان بەهۆی سیاسەتەکانی تاڵیبان و پراکتیکەکانیانەوە، ئەم دۆخە خراپتر بووە.