"دامەزراندنی ئەنجومەنی کۆمەڵگەی ئەرمەنستان یەکێکە لە بەرهەمەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا"

سیڤان ئیبۆ، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی کۆمەڵگەی ئەرمەنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەی بەوەکرد ئەمڕۆ کار لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دەکەن و ڕایگەیاند کە دەرفەتێکی لەو شێوەیەیان لە شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە بەدەستهێناوە

سورگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- لێژنەی پەیوەندییەکان یەکێکە لە لیژنەکانی ئەنجومەنی پێکهاتەی ئەرمەنی کە لە ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆی ڕێکدەخات، یەکێکە لە لیژنە گرنگەکان، لە بەڵگەنامەکردن و پەرەپێدانی دەنگ و زمانی کۆمەڵگەی ئەرمەنی.

 

سیڤان ئیبۆ، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی کۆمەڵگەی ئەرمەنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بەو کارانەی کە ئەنجامی دەدەن ڕایگەیاند: لیژنەی پەیوەندییەکان ڕۆڵێکی کارا دەبینێت لە بەڵگەنامەکردنی کار و پڕۆژەکانی ئەنجومەن و وتی: لە سەردانی شاندەکانەوە بۆ کار و چالاکییەکانی لیژنەکانی ئەنجومەن، هەموو ڕووداو و ساتێک لێرە بەڵگە دەکەین و وەک ئەرشیف دەیانهێڵینەوە، هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بەرەوپێشبردنی زمان و دەنگی کولتوور و دابونەریتی گەلی ئەرمەنستان و چاودێری بەشداری پەرلەمان لە ڕێگەی لیژنە و ڕێککەوتننامەکانیەوە.

 

"سێ کورتە فیلممان دروست کرد"

سیڤان ئیبۆ ئاماژەی بەوەکرد کە توانیویانە ٣ کورتە فیلم دروست بکەن و وتی: هاوکات لەگەڵ بەدواداچوون و دۆکیۆمێنتکردن و ئەرشیفکردن، توانیمان ٣ کورتە فیلمیش دروست بکەین، کورتە فیلمی یەکەم ناوی "عادەت الرمان-لیبا هینارێ"یە، کورتە فیلمی دووەم بە ناوی "گوڵە مین" باس لە کەیسێکی کۆمەڵایەتی دەکات دەربارەی هاوسەرگیری پێشوەختە کە لە ئەنجامدا کێشەی زۆری لێکەوتەوە، هەروەها سەرنجمان خستە سەر ڕۆڵی کۆمەڵگە کە چۆن ڕۆڵی دایک پشتگوێ دەخرێت تاوەکو دەبێتە هۆی ئەوەی ژنانی گەنج لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری بکەن، سێیەم کورتە فیلم بە ناوی "لەناکاو" باس لە ڕۆژی جینۆساید دەکات، کە چۆن عوسمانیەکان دەستیان کرد بە کوشتنی ژنانی ئەرمەنی ئێستا ئێمە تەنها کورتە فیلم دروست دەکەین، ڕەنگە لە داهاتوودا دەست بکەین بە دروستکردنی فیلمی درێژ ئێمەش پۆدکاست و بەرنامەی هونەری دروست دەکەین لە ماڵپەڕی فەرمی ئەنجومەن لە سۆشیال میدیا فەیسبووک بڵاویان دەکەینەوە.

 

"ئەرمەنییەکان لەسەر خاکی خۆیان خەبات بۆ ماف و زمان و کولتووری خۆیان دەکەن"

سیڤان ئیبۆ ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانجی سەرەکی دامەزراندنی ئەنجومەنەکە کۆکردنەوەی ڕەوەندی ئەرمەنەکانە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە زۆر باش دەزانین ئەرمەنییەکان بە چیدا ژیاون، بە چ جۆرە ڕێکخستن و جینۆسایدێکدا تێپەڕیوون، لەو پرۆسەیەدا ئەو ئەرمەنیانەی کە بوون پەرش و بڵاو بوون ناسنامەیان لەدەستدا، تەنانەت زمانیان لەبیرکرد و کولتوور و نەریتەکانیان لەناوچوو، بەشێکی زۆری ئەرمەنییەکان زمان و ناسنامەی خۆیان لەدەستدا، هۆکارەکەی ژیان لەگەڵ خەڵکی کورد و عەرەب بوو، بەڵام لەبیرمان ناچێت کورد و عەرەب باوەشی بۆ ئەرمەنەکان کردەوە و پارێزگارییان لێکردن، بەهۆی ئەوەوە دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە بۆ زیندووکردنەوەی کولتوور و زمان و جارێکی دیکە بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی خۆی بوو، ئێستا پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی ئەرمەنستان بە باشی بەرەوپێش دەچێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بزانن کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجومەنی پێکهاتەی ئەرمەنی هەیە. ئەرمەنییەکان ناسنامەی خۆیان لەدەست نادەن و لە خەباتدان بۆ بەدەستهێنانی ماف و زمان و کولتووری خۆیان.

 

"شۆڕشی ١٩ی تەمموز دەرفەتێکی مێژوویی بوو"

سیڤان ئیبۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرمەنییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆیان ئاوەدان دەکەنەوە وەک ئەوەی درەختێکی وشکبوو جارێکی دیکە گوڵ بکاتەوە و وتی: لە کۆنگرەکەماندا کە بۆ یەکەمجارە بەڕێوەدەچێت، چەندین پڕۆژە و بیرۆکە و پلانمان خستەڕوو کە کار لەسەر داهاتوو دەکەین، زیاتر ئامانجەکانی ئەنجومەن بناسێنین و بتوانین جارێکی دیکە ڕەوەندی ئەرمەنی لەسەر ئاستی جیهان دروست بکەین و پەیوەندییەکانمان پتەوتر بکەین، ئێمە هەنگاوێکمان ناوە، بەڵام هێشتا کاری زۆرمان لە پێشە، ئامانجی گەورەترمان هەیە، شۆڕشی ١٩ی تەمووز دەرفەتێکی مێژوویی بوو بۆ دروستکردنی ڕەوەندی ئەرمەنی بۆ یەکەمجار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دامەزراندنی ئەنجومەنی کۆمەڵگەی ئەرمەنیش یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەم شۆڕشە، شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕێگەی بە نەوەکانی ئەرمەنەکان دا کە جارێکی تر هەستنەوە و بڵێن ئێمە هێشتا لێرەین.

 

"ئێمە یادی جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەکەینەوە لە ٢٤ی نیساندا"

سیڤان ئیبۆ پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتی بەبیرهێنایەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان پتەوتر کرد و لە کۆتایدا دەڵێت: لێرە هیچ ڕێگەیەک بۆ ڕەگەزپەرستی نییە، ئێمە بە هاودەنگی و یەکڕیزی خۆمانەوە ئەم پڕۆژەیە بەدی دەهێنین، یەک ئامانجمان هەیە، ئەوەیە بیرۆکەی میلەت بڵاودەکەینەوە.